فێرخوازانى بەشى ژمێریاری سەردانێکى زانستی بۆ کۆمپانیای حەیات ئەنجام دەدەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٢-١٠-٢٠٢٥، بەشی ژمێریاری سەردانێکی زانستی بۆ گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغەکانى سێیەم و چوارەم بۆ کۆمپانیای حەیات – کارگەی پپسی هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى سەردانەکەدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستا هاشم محەمەد خێر صافی بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مەحمود محەمەد ئەمین، ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵى کردن بۆ بەسەرکردنەوەى بەشی کارگێڕی دارایی کۆمپانیاکە. لەوێ لەلایەن سارا عەدنان ئەنوەر، بەڕێوەبەری دارایی، وردەکارییەکی تەواوی سەبارەت بە کارەکانی کارگەکە بۆ فێرخوازان خستەڕوو، هاوکات باسى چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردنى بۆ فێرخوازان کرد، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەى بە تۆمارکردنی مامەڵە ژمێریارییە ڕۆژانەکان پەیوەست بە بەرهەمهێنان، کڕین، و فرۆشتن و میکانیزمی نرخ دانان و خەمڵاندنی تێچووە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان کرد، جگە لەوەش چۆنیەتى ئامادەکردنی تۆمارە ژمێریارییەکانی داهات و خەرجییەکانی کارپێکردن و جێبەجێکردنی سیستمى کۆنترۆڵی دارایی ناوخۆیی بۆ دڵنیابوون لە وردبینی و ڕێگریکردن لە هەڵە یان دەستکاریکردن بۆ فێرخوازان ڕونکردەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا تیشکى خستە سەر بەڕێوەبردنی هەژماری قەرزداران و سوودمەندان، لەوانە ڕێکخستنی هەژماری دابینکەران و کڕیاران.، هەروەها ئاماژەى بەوەشدا لە کارەکانیادا پشت بە بەرنامەکانی ژمێریاری مۆدێرن دەبەستن بۆ چاودێریکردنی جووڵەی کاڵا و بەستنەوەی پرۆسە داراییەکان بە بەرهەمهێنان و دابەشکردنەوە، دواتریش ئاماژەى بە چۆنیەتى ئامادەکردنی ڕاپۆرت و لیستی دارایی خولی بۆ پشتگیریکردنی بڕیارەکانی کارگێڕی و شیکردنەوەی ئاستی دارایی کۆمپانیاکە کرد.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، دەرفەت بە فێرخوازان درا بۆ پرسیارکردن و ڕوونکردنەوە لەسەر لایەنەکانی ژمێریاری، کارگێڕی و بەرهەمهێنان، بۆ ئەوەش وەڵامى سەرەنج و پرسیارەکانیان بەدەست هێنا.