فێرخوازانى بەشی ئەندازیاری تەلارسازی بەسەردانێکى زانستى کۆمپانیای محەمەد لایتینگ بۆ ڕووناککردنەوە بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٢١/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ کۆمپانیای محەمەد لایتینگ بۆ ڕووناککردنەوە ڕێکخست.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر لانە شەهاب ئەحمەد بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەش سەرەتا بە گەرمی لەلایەن ئەندازیار فوئاد سەلیم عەلی، یەکێک لە پسپۆڕانی بواری ڕووناککردنەوە و دیزاینی ناوخۆ لە کۆمپانیاکە، پێشوازییان لێکرا. پاشان ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەسەر جۆرەکانی سیستمەکانی ڕووناککردنەوەی مۆدێرن و ڕۆڵیان لە باشترکردنی ژینگەی تەلارسازیدا پێشکەش بە فێرخوازان کرد. هەروەها گرنگیی هاوسەنگی نێوان ڕووناککردنەوەی سروشتی و دەستکرد بەتایبەت لە دروستکردنی کەشێکی ئارام و گونجاو بۆ کارکردە جیاوازەکانی باڵەخانەکان بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەندازیار فوئاد سەلیم عەلی باسی جۆرەکانی یەکەکانی ڕووناککردنەوەی وەک ڕووناککردنەوەی ڕاستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ و ڕازاندنەوەیی کرد، هەروەها باسی تەکنیکە زیرەکەکانى بەکارهاتوو لە کۆنترۆڵکردنی ڕووناککردنەوەدا کرد، کە بەشدارن لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە و بەدیهێنانی بەردەوامیی ژینگەیی. دواتریش کۆمەڵێک نموونەی گڵۆپی پیشانى فێرخوازان دا و تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی ڕوون کردەوە، وەک توندی ڕووناککردنەوە، پلەی ڕەنگ و شێوازەکانی دابەشکردنی ڕووناکی بەپێی جۆری فەزای تەلارسازی.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر لانە شەهاب ئەحمەد فێرخوازانى جەختی لەوە کردەوە کە ڕووناککردنەوە تەنها توخمێکی تەواوکەر نییە، بەڵکو بەشێکی سەرەکییە لە ناسنامەی بینایی باڵەخانە و لە ئەزموونی بەکارهێنەر لەناو فەزادا. دواتریش سوپاسى فوئاد سەلیم عەلی بۆ ڕەخساندنى دەرفەتەکە بۆ فێرخوازان و پێشکەشکردنى ڕوونکردنەوە گرنگەکانى.






