فێرخوازانى بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك ئاشناى کاری سۆفتوێر و میکانیزمی پەرەپێدانی سیستم و ئەپلیکەیشنەکان دەکرێن
بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بە کاری نوێی سۆفتوێر و میکانیزمی پەرەپێدانی سیستم و ئەپلیکەیشنەکان، سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر غەسان عەمانوئیل سەردانێکی زانستیی مەیدانی بۆ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕێکخست.
لە میانەى ئەو سەردانە زانستیەدا، کە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (2025/10/21)، بەڕێوەچوو و، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى سێیەم بەشدارییان تێدا کرد، سەرەتا لەلایەن (یوسف کارش) لە بەشی سۆفتوێر (Software Department) لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم پێشوازییان لێکرا، لە میانەى دیدارێکدا (یوسف کارش) پرۆگرامسازى بەشەکە باسى گرنگی سۆفتوێر لە بەڕێوەبردن و کارپێکردنی سیستمە دیجیتاڵی و خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان، کە کۆمپانیاکە پشتی پێدەبەستێت لە بەڕێوەبردنی کارەکانی ڕۆژانەیدا پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، وتى: لەم کۆمپانیایەدا سیستمەکانی وەرگرتنی پارە (فواتیر)، بەڕێوەبردنی داتا، ئەپلیکەیشنەکانی تایبەت بە کڕیاران و سیستمەکانی ئاسایش و چاودێری تەکنیکی هەیە، ڕوونیشیکردەوە بەشی سۆفتوێر بە بڕبڕەی پشتی هەر دامەزراوەیەک دادەنرێت کە پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەستێت، چونکە ئەرکەکانی لەگەڵ بەشەکانی تردا یەکدەگرنەوە بۆ دڵنیابوون لە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی ئاستی کارکردن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا (یوسف کارش) باسی قۆناغەکانی پەرەپێدانی سۆفتوێر لەناو کۆمپانیاکەدا کرد، کە لە بەدواداچوون بۆ پێداویستییەکان و شیکردنەوەی سیستم دەست پێدەکات و، بە قۆناغی دیزاین و پرۆگرامکردندا تێدەپەڕێت، تا دەگاتە تاقیکردنەوە و دڵنیایی جۆرێتی (Quality Assurance) و نوێکردنەوەی بەردەوامن ئاشکراشیکرد گرنگترین ئامراز و زمانەکانی پرۆگرامکردن کە لە کۆمپانیاکەدا بەکاردەهێنرێن بریتین لە( Python) و( Java) و (SQL)، جگە لە سیستمەکانی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی سۆفتوێر (Agile – Scrum).
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسى و دەستخۆشى لە (یوسف کارش) بۆ بەخشین و ئاشناکردنى فێرخوازانى بەشى لە ئەندازیاری پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك بە کاری نوێی سۆفتوێر و میکانیزمی پەرەپێدانی سیستم و ئەپلیکەیشنەکان لە کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم.





