فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیكاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر چالاکییەکی هۆشیارکردنەوەی تەندروستی گشتی بەڕێوەدەبەن
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکییەکی گشتى بۆ هۆشیارکردنەوەی تەندروستی گشتی لە فامیلی مۆڵی هەولێر بەڕێوەبرد.
لە میانەى ئەو چالاکییەدا، کە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتى (١٤/١١/٢٠٢٥) بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى شەکرە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد و خاتوو نەزا حەمید عەلی بەڕێوەبرا، بە درێژایی رۆژەکە، فێرخوازان پشکنینی تەندروستی بێبەرامبەریان بۆ ڕێبواران و هاوڵاتیان و گەشتیارانى مۆڵەکە ئەنجامدا، پشکنینەکان بریتبوون لە پشکنینى ئاستی شەکری خوێن، پێوانەکردنی فشاری خوێن و دیاریکردنی جۆری خوێن.
چالاکییەکە بە هاوکاری لەگەڵ تاقیگەی نوور ئەنجامدرا، کە پشکنینی HbA1C بە خۆڕایی پێشکەش کرد، ئەمەش نیشاندەرێکی سەرەکییە بۆ کۆنترۆڵکردنی درێژخایەنی ئاستی شەکری خوێن. هەروەها سەنتەری دایت نیوتریشین بە پێشکەشکردنی شیکاریی خۆڕایی بۆ پێکهاتەی جەستە بەشداربوو. لە میانەى چالاکیەکەدا فێرخوازان و سەرپەرشتیاران ئەنجامى پشکنینەکانیان لە شوێنی چالاکییەکەدا شیکردەوە و پێشکەشى ئەوانەیان کردەوە کە پشکنینەکانیان بۆ کرا، جگە لەوەش رێنمایی پزیشکی کرداری پێشکەشى هاوڵاتیان کرا بۆ چۆنیەتى خۆپارێزی لە شەکرە، گۆڕینی شێوازی ژیان و پاراستنی تەندروستی گشتی.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا بە بەشداریی هەریەک لە سەنتەری د. رەند بۆ جوانکاری، کلینیکی کوین ئارت بۆ جوانکاری و کۆمپانیای جیڤاند، شیکارییەکی خۆڕایی پێستیان پێشکەش بەهاوڵاتیان کرد، لەگەڵ داشکاندن بەڕێژەى (٥٠%) لەسەر خزمەتگوزارییەکانی چاودێری پێست و گرنگیپێدانی کەسی بۆ بەشداربووانی چالاکییەکە.






