فێرخوازانى بەشی تەلارسازی سەردانێکی زانستیی مەیدانیان بۆ قوتابخانەی سەربەستی ڕێکخست
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییەکاندا، ڕۆژی سێشەممە ڕیکەوتى (٢٧/١/٢٠٢٦)، سەرۆکایەتى بەشی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان–هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانی بۆ قوتابخانەی “سەربەستی” بنەڕەتی لە شاری هەولێر بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەم ڕێکخست.
ئەم بەسەرکردنەوەیە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر “مەیس فەهمی سەلیم” بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان لەلایەن “زانا نەجات عەلی” بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. لە دەسپێکی گەشتەکەدا، خاتوو “رۆزان ئیبراهیم خەلیل” ڕێکخەری کارگێڕی، وەک ڕێبەرێکی زانستی بەشە جیاوازەکانی قوتابخانەکەی بە فێرخوازان ناساند؛ کە لە دەروازە سەرەکییەکانەوە دەستی پێکرد و بەشەکانی کارگێڕی، فەزا فێرکارییەکان، هۆڵەکانی نانخواردن و یاریگا ناوخۆییەکانی گرتەوە. فێرخوازان دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا وردەکارییەکانی هەردوو سیستمی جوڵەی ئاسۆیی و ستوونی لە تەواوی نهۆمەکانی بیناکەدا ببینن.
لە بەشێکی تری سەردانەکەدا، “زانا نەجات عەلی” شرۆڤەیەکی وردی پێشکەش کرد سەبارەت بە فەزا فێرکارییەکان وەک پۆلەکان و ناوچەکانی فێربوون، هاوکات تیشکى خستە سەر ڕەهەندە فەزاییەکان، ڕێکخستنی نەخشەکان، بارودۆخی ڕووناکی، بەرز و نزمیی سەقفەکان و چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆی بەکارهێنەران لە دەروازەکاندا.
ئەم سەردانە ئەزموونێکی پراکتیکی گرنگ بوو بۆ فێرخوازان تا لە نزیکەوە ئاشنای پێداویستییە تەلارسازی و وەزیفییەکانی دیزاینکردنی قوتابخانە بنەڕەتییەکان بن، ئەمەش دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ پڕۆژە دیزاینەکانی داهاتوویان.







