فێرخوازانى بەشی تەلارسازی ناوچە شارنشینەکانى تەنیشت قەڵای هەولێر بەسەردەکەنەوە
لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی کارایی و تێگەیشتنی فێرخوازان لە بوارى دیزاینى تەلارسازى گەڕەکە کۆنەکانى شارى هەولێر، سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى مەیدانى بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم، بۆ ناوچە شارنشینەکانى تەنیشت قەڵای هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى ئەو گەشتە مەیدانیەدا، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٢٠ی ١ی ٢٠٢٥)، بەسەرپەرشتى، دکتۆر ڕێبوار ئیسماعیل ئیبراهیم بەڕێوەچوو، ئامانجی سەرەکیەکەى بریتیى لە ئاشناکردنى فێرخوازان بە دیزاینى تەلارسازى، بۆ ئەو مەبەستەش لە میانەى گەشتە مەیدانیەکەیاندا فێرخوازان لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار ئاشناى گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ڕەگەز و توخمە سەرەکییەکانی باڵەخانەى و گەڕەکەکان کران، هەروەک شیکردنەوەى وردى لەبارەى چۆنیەتی سود وەرگرتن لە لایەنە ئەرێنییەکان و دوورکەوتنەوە لە نەرێنییەکان لە کاتى دیزاینکردن بۆ فێرخوازان باسکرد، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە پێویستە لە کاتى دیزاینکردنى باڵەخانەى هاوشێوە ڕەچاوى سروشتی بیناکانی دەوروبەر و جوڵەی پیادە و ئۆتۆمبێلەکان و لایەنەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پڕۆژەکە بکرێن.
لە کۆتایی گەشتە مەیدانیەکەیاندا فێرخوازان گفتوگۆیان لەگەڵ مامۆستاى سەرپەرشتیار کرد سەبارەت بە پێویستى سەردانی مەیدانی پێش دەستپێکردنی هەر پرۆژەیەک یان ئەنجامدانى توێژینەوەیەک، چونکە ئەم هەنگاوە بە یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی بەشی تەلارسازی دادەنرێت. ئامانج لێی ئاگاداربونە سەبارەت بە سروشتی پڕۆژەکە و کاریگەرییەکانی باڵەخانە و شەقام و توخمە ژینگەییەکانی دیکە.