فێرخوازانى بەشی تەکنیکى وێنەگرتنی تیشکی ڕاهێنان لەسەر ئامێری (CT Scan) دەکەن
سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکى بۆ فێرخوازانى قۆناغى چوارەم بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر ناڤید کەریمی بۆ نەخۆشخانەى نێودەوڵەتى هەولێر ڕێکخست.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن گوڵاڵە عەبدولواحید تەکنیکار لە بەشی تیشک لە نەخۆشخانەکە پێشوازییان لێکرا، ئینجا کورتەیەکى لەبارەى ئامێری مفرازی لوولپێچ (CT Scan) پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەک باسى گرنگى ئامێرەکەى لە دەستنیشانکردنى نەخۆشى چارەسەرخوازان کرد، پاشان بەهاوکارى مامۆستاى سەرپەرشتیار ڕاهێنانى فێرخوازان بەشێوەیەکى پراکتیکى لەسەر ئامێری مفرازی لوولپێچی CT scan لە جۆری Siemens SOMATOM Sensation دەستى پێکرد، بۆ ئەوەش سەرەتا گوڵاڵە عەبدولواحید فێرخوازانى ئاشناى بەشە سەرەکییەکانی ئامێرەکە کرد، بۆ ئەوەشى وتى: ئەم ئامێرە کۆمەڵێک فەرمانى جیاواز جێبەجێ دەکات، ئەوەش لە ڕێگەى لوولەی تیشکی ئێکس (X-ray tube)، دۆزەرەوە فرە-پارچەییەکان (Multi-slice detectors) و یەکەی کۆنترۆڵ، دواتریش ڕاهێنانى بە فێرخوازان لەسەر ئامێرەکە کرد بەتایبەت لەسەر شێوازی کارپێکردنی ئامێرەکە و ڕێکخستنی سێتینگە تەکنیکییە پەیوەندیدارەکان بە ڤۆڵتیەی لوولە (kVp) و توندی تەزوو (mA) و ئەستووری پارچەکان و خێرایی سووڕانەوەی لوولپێچەکەی گرتەوە.
هاوکات هەر لە میانەى ڕاهێنانەکەدا لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار و تەکنیکار لە بەشی تیشکى نەخۆشخانەکە، فێرخوازان ڕاهێنانى زیاتریان پێکرا بەتایبەت لەسەر ڕێکارە دروستەکان بۆ ئامادەکردنی نەخۆش پێش پشکنینەکە، لەوانە هەڵسەنگاندنی باری کلینیکی نەخۆش، لابردنی هەر ماددەیەکی کانزایی کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر کوالیتی وێنەکە هەبێت، لەگەڵ چۆنیەتى دانانی دروستی نەخۆش لەسەر مێزی ئامێرەکە بە بەکارهێنانی نیشاندەرەکانی لەیزەر بۆ دڵنیابوون لە وردبینی ڕێکخستنەکە، ئەوە جگە لە چۆنیەتى هەڵبژاردنی شێوازە گونجاوەکانی وێنەگرتن بەپێی جۆری ناوچەی پشکنینەکە—وەک مێشک، سنگ، سک، یان حەوز—لەگەڵ ڕەچاوکردنی کەمکردنەوەی بڕی تیشکدانەوە بەپێی پرەنسیپی ALARA (As Low As Reasonably Achievable). دوای تەواوکردنی پشکنینەکان.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى چاودێری پڕۆسەی وێنەگرتنى چارەخوازێکیان لە ژووری مفرازەوە کرد، پاشان سەردانى ژووری کۆنترۆڵییان کرد بۆ شیکردنەوەی وێنە بەدەستهاتووەکان بە بەکارهێنانی سیستمی چارەسەرکردنی وێنەی دیجیتاڵی.