فێرخوازانى بەشی تەکنیکی سڕکردن هەڵمەتێکى خوێن بەخشین بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەبەن
لە چوارچێوەى چالاکیەکى مرۆیی خۆبەخشیدا، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى تەکنیکى سڕکردن لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەڵمەتێکى خۆێن بەخشینیان بەڕێوەبرد.
هەڵمەتەکە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٣/١٠/٢٠٢٥) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر لەیلا بەهجەت شەریف بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستە سەردانى بەڕێوەبەرایەتى بانکى خۆێنیان لە شارى هەولێر کرد و، بە هاوکاری دکتۆر ڕوناک عەبدولڕەحمان، لە بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن هەڵمەتەکەیان بەڕێوەبرد، لە هەڵمەتەکەدا ژمارەیەکى بەرچاو لە فێرخوازانى قۆناغەکانی دووەم و سێیەمى بەشى تەکنیکى سڕکردن بەشدارییان تیادا کرد، لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا لەلایەن تیمى پزیشکى کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتى بانکى خوێن پشکنینە پزیشکییە پێویستەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هەریەک لە فێرخوازە بەخشەرەکان ئەنجامدرا، پاشان هەریەک لە فێرخوازان بە بەخشینى بتڵێک خوێن بەشدارییان لە هەڵمەتەکە کرد و، لەلایەن ستافى بانکى خوێنەوە، خوێنەکەیان لێ وەرگیرا و، هەڵمەتەکەش بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و بەرزترین ئاستی سەلامەتی بەڕێوەچوو.
بۆ ئەوەش دکتۆر ڕوناک عەبدولڕەحمان ستایشی فێرخوازان و هاوکاری بەردەوامى زانکۆی جیهان-هەولێرى کرد و، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە نوێنەرایەتی نمونەیەکىى کاریگەر دەکەن بۆ هاوبەشی نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان و ناوەندە تەندروستییەکان لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا.
فێرخوازانیش لە وتەى جیادا شانازیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردنیان لەم دەستپێشخەرییە مرۆییەدا، هەروەک ئارەزووی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی چالاکی لەم شێوەیەدا دووپات کردەوە، کە هۆشیاری تەندروستی بەهێز دەکات و هەستی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکاتەوە.
لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی زانکۆی جیهان-هەولێر و سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى سڕکردن کرد بۆ هاوکاریی و بەشداری بەردەوامەکانیان لە پشتگیریکردنی پڕۆگرامە تەندروستی و مرۆییەکاندا کە خزمەت بە کۆمەڵگە دەکەن.
`







