فێرخوازانى بەشی راگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەگەشتێکى زانستى رادیۆی زاگرۆس بەسەر دەکەنەوە
سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانە مەیدانیەکانى بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاکانى خوێندن بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) دەستپێکرد.
لەو چوارچێوەیەدا؛ ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٩/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ڕەنجدەر ڕزگار، فێرخوازانى قۆناغى چوارەم سەردانى ڕادیۆى (زاگرۆس)یان لە شارى هەولێر کرد و، بەگەرمى لەلایەن سیروان ناشاد بەڕێوەبەرى ڕادیۆ پێشوازیان لێکرا.
سەرەتا لە دیدارێکدا، بەڕێوەبەرى ڕادیۆى زاگرۆس کورتەیەکى لەبارەى مێژوى دامەزراندنى ڕادیۆکەیان و، شێوازى کردن لە ڕادیۆ بۆ فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن باسکرد، بۆ ئەوەش باسى لە وردەکارى کارى کارمەندان کرد، پاشان سیروان تەها بەرێوبەری نووسین لە ڕادیۆى زاگرۆس ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى شێوازی نووسین ئامادەکردنی هەواڵ و پێشکەشکردنی لەلایەن بێژەرانی رادیۆ پێشکەش بە فێرخوازان کرد، دواتریش شەمالی ستۆدیۆ بەرپرسى بەشى ستۆدیۆ لە رووی تەکنیک و چۆنیەتى تۆمارکردنى بەرنامەکان و ووردەکاریەکانی کارکردن لەناو ستۆدیۆ بۆ فێرخوازان شیکردەوە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا؛ فێرخوازان بەشە جیاکانى ڕادیۆکەیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشنای شێوازى کردن و تۆمارکردنى دەنگ و پەخشى بەرنامەکان و، پێشکەشکردنى هەواڵ و بەرنامەکان بوون، لەکۆتایی گەشتە زانستیەکەیاندا فێرخوازان بەشیوەیەکى پراکتیکى وەک بێژەری رادیۆ لە ستۆدیۆى ڕادیۆکە کاریان لەسەر پێشکەشکردنى هەواڵ کرد و، ئاشنایی کارامەییەکانى دەنگ و کاریگەرییەکانى لەسەر گوێگر ڕاهێنانیان کرد.
لە کۆتایشدا، مامۆستاى یاریدەدەر ڕەنجدەر رزگار بەناوى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و دەستخۆشى لە بەڕێوەبەر و ستافى ڕادیۆى زاگرۆس کرد بۆ پێشوازیکردنیان و ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن.