فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەر سەردانی پەیمانگەی گەشەپێدانی ئاوات بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن
لە چوارچێوەی چالاکیە بەردەوامەکانیان و گەیاندنى هاوکارى مرۆیی و بەرزکردنەوەى ڕۆحی بەخشین و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، سەرۆکایەتى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی مرۆیی بۆ فێرخوازانى قۆناغى دووەم بۆ پەیمانگەی گەشەپێدانی ئاوات بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شارى هەولێر بەڕێوەبرد.
لە میانەى ئەو چالاکیەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٨/١٢/٢٠٢٤) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری سارا جەمال حسێن بەڕێوەچوو، فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر کۆمەڵێک دیاریان بەسەر منداڵانى پەیمانگەکەدا دابەش کرد، بۆ ئەوەش لەسەرەتادا لەلایەن عەبدولوەهاب جەمیل بەڕێوەبەرى پەیمانگەکە و گوڵەسران جمال سەرپەرشتیارى پەیمانگە پێشوازییان لێکرا، پاشان ئاهەنگێکی تایبەت بۆ منداڵانى پەیمانگە بەڕێوەبرد و، خەندە و خۆشیان خستە سەر لێوى منداڵان، لە بەرانبەردا بەرپرسانی پەیمانگاکە ستایشی هەوڵەکانی فێرخوازان و، ڕۆڵی کاریگەری ئەو چاکیەیان کرد لە بەرزکردنەوەی تواناى منداڵەکان و پشتگیریکردنیان لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، وتیشیان ئەوەش هەنگاوێکى گرنگى خزمەتکردنى کۆمەڵگەیە، بۆ ئەوەش سوپاسى ستافى مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد.
ئەم دەستپێشخەرییە فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکییدایە کە لەلایەن زانکۆی جیهان-هەولێرەوە ڕێکخراوە، ئامانج لە ڕێکخستنیان چاندنی بەها مرۆییەکان و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی فێرخوازانە لە پشتیوانیکردنی گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی زانکۆکە بە ئەرکە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکەى لە کۆمەڵگەدا.