فێرخوازانى بەشی شیکارى تاقيگەی پزيشكی سەردانی تاقیگەی سمارت لە شاری هەولێر دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە، 19/12/2024 سەرۆکایەتى بەشى شیکارى تاقیگەى پزیشکىلە زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمین گەشتى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغى یەکەم بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر سالی خەلیل باقر، لە شارى هەولێر سەردانى تاقیگەی سمارتیان کرد.
فێرخوازان بەگەرمى لەلایەن دکتۆر ڕزگار تاهر محەمەد خاوەنى تاقیگەى سمارت پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەو مەبەستە کورتەیەکى لەبارەى بەشە سەرەکییەکانی ناو تاقیگەکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد و ڕونیکردەوە لە تاقیگەکەیاندا بەشەکانى بەرگری و مشەخۆر و کیمیا و بەکتریا و هۆرمۆن و ڤایرۆس هەیە، ئینجا باسى لە کارکردنى هەریەک لەو بەشانە کرد، ڕونیشیکردەوە پشکنینی میز لە تاقیگەکەیان بە دوو شێوازی جیاواز ئەنجام دەدەن، یەکەمیان شێوازی تەقلیدییە لە ژێر مایکرۆسکۆپ، کە پێویستی بە هەوڵ و کات و وردبینی و کەسێکی بە ئەزموون هەیە، هەرچى جۆرى دووەمە لە ڕێگەی ئامێرێکی تایبەت ئەنجام دەدرێ،کە بڕێکی دیاریکراو لە میز دەخرێتە ناو ئامێرەکەوە، دواتر ڕاپۆرتێکی تەواو لەسەر نمونەکە دەدات ئەم شێوازە پێویستی بە کات و کەسێکی بە ئەزموون نییە، چونکە ئامێرەکە ئەمە بە تەواوی ئەنجام دەدات.
هەروەها دکتۆر ڕزگار تاهر محەمەد لە میانەى ناساندنى ئامێرەکانى تاقیگەکەیدا ڕوونکردنەوەیەکی وردی سەبارەت بەو ئامێرانەی لەناو تاقیگەکەیاندا بەردەستن پێشکەش بە فێرخوازان کرد، لەنێویاندا ئامێری (Cobas 6000)، کە سیستەمێکی کۆکراوەى دوو ئامێرى تەواوە، وتیشى بیرۆکەی ئەم ئامێرە لەسەر دوو بنەما، یەکەمیان( ELISA) کە بنەمای کارلێککردنە لە نێوان بەرگری دژە تەنەکان (antibodies) و تەنی نامۆى دژە جەستە (antigen) بۆ پێدانی ئەنجامی هۆرمۆنەکان، ڤایرۆسەکان، ڤیتامینەکان، هەرچى بنەمای دووەمە لەسەر بنەمای کارلێکی نێوان ڕووناکی وچڕییە، یان ئەوەی پێی دەوترێت (سپێکترۆفۆتۆمێتەر)، بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بەدەستەوە بدات وەک: پشکنینی کیمیایی و کارکردنی گورچیلە و جگەر، ئاستی چەوری خوێن و…هتد.
لەکۆتایی سەردانەکەدا فێرخوازان خۆشحاڵى خۆیان بەو سەردانە مەیدانیە دەربڕى و دوپاتى گرنگى ئەو جۆرە سەردانەیان کردەوە تا لە ڕێگەوە باشتر ئەزمونى پەروەردەیی و خوێندنى پیشەییان دەوڵەمەندتر بکەن.