فێرخوازانى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕاهێنان لە بواری هۆرمۆن و بەرگری دەکەن
سەرۆکایەتى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر گەشتێکی زانستی و ڕاهێنانی بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم بۆ نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣/١٠/ ٢٠٢٥ ڕێکخست.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری زوبەیدە هیشام شوکر بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان لەلایەن هاوڕێ سەیفەدین نانەکەلی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان کورتەیەکى دەربارەی بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، بە تایبەت جەختی لەسەر تاقیگەی تایبەتمەند کردەوە. لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشناى ئامێری شیکاری COBAS کران، کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین و بەکارهێنراوترین سیستمە ئۆتۆماتیکییەکان لە تاقیگە کلینیکییەکاندا. ئەوەش ڕوونکرایەوە کە ئەم ئامێرە بە تەکنەلۆژیای شیکاری کارۆکیمیایی درەوشاوە کاردەکات و، پشت بە کارلێکی دژەزیندەوەر و دژەتەن دەبەستێت بۆ دەستنیشانکردنی هۆرمۆنەکان، ئەنزیمەکان و هۆکارە ڤایرۆسییەکان، ئەوەش بە وردی و هەستیارییەکی زۆرەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا لەلایەن کارمەندى سەرپەرشتیار بەشە سەرەکییەکانی ئامێرەکە بە فێرخوازان ئاشنا کرا ، کە بریتین لە هەڵگری نموونەکان، دیسکی کارلێککەرەکان، ژووری هەڵهێنان، خانەی پێوانە و یەکەی کۆنترۆڵ، دواتریش دەرفەت بە فێرخوازان درا، بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشنای چۆنیەتى کارکردنى سیستمەکە ببن، کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەنگاوەکانی شیکاری ئەنجام دەدات، هەر لە کێشانی نموونە و تێکەڵکردنی لەگەڵ کارلێککەرەکانەوە، تا پرۆسەی هەڵهێنان و شۆردنەوە و، تا گەیشتن بە ئەنجامە کۆتاییەکان.
لایەنە مەیدانیەکەى پشکنینی تایبەت بوو بە هۆرمۆنەکانی وەک TSH، T3، T4، ئەنسۆلین، کۆرتیزۆڵ و هۆرمۆنەکانی زاوزێ (ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن)، ئەوە جگە لە پشکنینە ڤایرۆسییەکانی تایبەت بە HBsAg، HCV، و .HIV






