فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس سەردانێکی زانستی بۆ دەرمانخانەی دڵانى ئەنجام دەدەن
لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستى زانستى و زانیاری فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر، سەرۆکایەتى بەشەکە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، سەردانى زانستى بۆ گروپێک لە فێرخوازانى بەشەکە بۆ دەرمانخانەى دڵانى لە شارى هەولێر ڕێکخست.
سەردانەکە ڕۆژى (٢/٢/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن ستافى دەرمانخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵى فێرخوازانیان کرد، باسیان لە پێکهاتەى دەرمانە جیاوازەکان و پێکهاتە و تەواوکارییە خۆراکیەکان تێیاندا بۆ فێرخوازان کرد، بەتایبەت ڤیتامین و کانزا و پرۆبایۆتیک و پێکهاتە گیاییەکان، بۆ ئەوەش باس لە سوودە تەندروستییە جیاوازەکانی هەر یەکێکیان کرا، وەک ڕۆڵی ڤیتامین دی و کالسیۆم لە پاڵپشتیکردنی تەندروستی ئێسک، چەوری ئۆمیگا 3 ترشەکان لە بەرەوپێشبردنی تەندروستی دڵ و، دژە ئۆکسێنەرەکان لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان. هەر لەو چوارچێوەیەدا باس لە گرنگی خۆراکە کاراییەکان کرا، وەک خۆراکە بەهێزکراوەکان و بەرهەمە خۆراکیەکان بۆ ئەو نەخۆشانەی کە حاڵەتە درێژخایەنەکانیان هەیە، لەوانەش جێگرەوەکانى خۆراک بۆ تووشبووانی شەکرە، تەواوکەری ڕیشاڵی بەرز و، خۆراکی تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستی تایبەتیان هەیە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لەگەڵ دەرمانسازەکاندا گفتوگۆیان لەبارەى ڕۆڵی پسپۆڕانی خۆراکی کلینیکی کرد لە پێشکەشکردنی پێشنیاز و ئامۆژگاری سەلامەت و کاریگەر سەبارەت بە تەواوکەرە خۆراکیەکان، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی کارلێکە ئەگەرییەکان لەگەڵ دەرمانەکان، لە کۆتایشدا گفتوگۆیان لەسەر چەند بابەتێکى دیکەى هاوبەشى نێوان پسپۆڕانى خۆرکزانى و دەرمانساز کرد.