فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان چالاکی وەرزشیى لە قوتابخانەکان ئەنجام دەدەن
لە چوارچێوەى پراکتیزەکردنى و بەڕێوەچوونى مەشقی کردارییان لە قوتابخانەکان، فێرخوازانى قۆناغی چوارەمى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکى وەرزشى جۆراوجۆرییان ئەنجامدا.
لەو چوارچێوەیەدا، (زینە کریم حسن ) لە ماوەى مەشقى کردارییەکەیدا، لە قوتابخانەی ئیشقی گوڵانی بنەڕەتی نێودەوڵەتی، خولێکی ناوەخۆیی بۆ یاری تۆپی پێی بۆ سەرجەم پولەکانی قوتابخانە کردەوە، یارییەکان لە کەش و هەوایەکی پڕ پێشبرکێ وەرزشی و هەوڵدان لە لایەن قوتابیەکان بۆ گەشتن بە یاری کۆتایی بەڕێوەچوو، لە کۆتایی خولەکەدا هەردوو پۆلی ( 5B و 6A ( ڕووبەڕووى یەکتر بوونەوە.
لەو یارییەدا، کە بە ئامادەبوونی کارگێری قوتابخانە و سەرجەم مامۆستایانی قوتابخانەکە بەڕێوەچوو، یارییەکى بەهێز لە نێوان یاریزانانى هەردوو پۆلەکە بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا تیپى پۆلی ( 6 A ) بە تۆمارکردنى (2 بە 0) توانیان بەسەر تیپى پۆلى (5B) سەرکەون، بەوەش خولەکەیان لە قازانجى خۆیان کۆتایی پێهێنا.
بەو بۆنەیەوە، لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار و، فێرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر خەڵاتى یارییەکە بەخشرایە تیمی یەکەم و دووەمی خولەکە.
لە کۆتایی خولەکە کارگێری قوتابخانە سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستای ڕاهێنراو (زینە کریم ) کرد لە پای ئەو هەوڵ و کۆششانەی کردی بۆ کردنەوە و سەرکەوتنی ئەو خولە گرنگە لە قوتابخانەکان، لە لایەکی ترەوە قوتابیان بەشداربوو دڵخۆشی و سوپاسی خۆییان دەربڕی بۆ مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ئەو ماوەیەى لەگەڵیان بوون.






