فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی بەشداری لە سیمیناری ڕۆژی جیهانی ئامار 2025 دەکەن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٠/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییان لە سیمیناری ڕۆژی جیهانی ئامار 2025 کرد کە لە پەیمانگای تەکنیکی پایتەخت (PTI) بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی سەرد بۆ پشتگیریکردنی کۆمەڵگە (SOSS) بەڕێوەچوو.
سیمینارەکە ناونیشانی ” ڕۆژی جیهانی ئامار – 2025″ی ڕێکخرابوو، تیایدا تیشکی خرایە سەر ڕۆڵی گرنگی ئامار و ژیری دەستکرد لە داڕشتنی بونیادى کۆمەڵگەی مۆدێرن و پەرەپێدانی توێژینەوەی بنەمادار لەسەر داتا. هەر لە سیمینارەکەدا کە هەریەک لە فێرخوازان شیوار ڕوشدی، کاریز ئەبوبەکر، ئەیوب عەلی، ساریا عادل، پریفان موحسین، و ڕەیان عیسا فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى ئامادەیبوون؛ چەندین وتار و گفتوگۆی سەرەکی لەخۆگرتبوو کە باس لە بابەتە جیاوازەکان دەکرا، لەوانە: لەپشتی ئەلگۆریتمەکانەوە: چۆن بیرکردنەوەی ئاماری ژیری دەستکرد داڕێژێت، هێزی ئامار و کاریگەرییەکەی لە کۆمەڵگەدا، و داهاتووی ئامار لەژێر ڕۆشنایی زانستی داتا و ژیری دەستکرد.
لە بەشى کۆتایی سمینارەکەدا، فێرخوازانى پەروەردەى گشتى بەشدارییان لە گفتوگۆکان کرد و تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە لێکدانەوەی نێوان بوارەکانی ئامار و ژیری دەستکرد و زانستی داتا خستەڕوو.






