فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی مەشقە پراکتیکیەکانیان لە قوتابخانەکان دەست پێکرد
فێرخوازانى قۆناغى چوارەمى بەشى پەروەردەى گشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، وەک بەشێک لە پێداویستیەکانى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندنى زانکۆییان مەشقە پراکتیکیەکانیان لە قوتابخانەکان دەستپێکرد.
لەو چوارچێوەیەدا فێرخوازان لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵى 2025، سەرجەم فێرخوازانى قۆناغى چوارەم بەچاودێرى سەرۆکایەتى بەشى پەروەردەى گشتى و بەسەرپەرشتى مامۆستایانى بەشەکە دابەشى سەر ژمارەیەک قوتابخانەی حکومی و ناحکومی بوون. `
فێرخوازان لە ماوەى مەشقی مەیدانی لە قوتابخانەکان لەلایەن کارگێڕى قوتابخانەکانەوە دەرفەتى تەواویان بۆ ڕەخسێندراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو زانیارییە تیۆرییانەی کە لە هۆڵەکانی خوێندندا لە ماوەى ساڵانى خوێندنى زانکۆیی بەدەستیان هێناوە، بۆیە وەک مامۆستاى بابەتە جیاوازەکان وانە بە پێى خشتەى قوتابخانەکان بە قوتابیانى قوتابخانەکان دەڵێنەوە و پراکتیزەى ئەو زانست و زانیارییانە دەکەن کە بەدەستیان هێناوە.
قۆناغی مەشقکردن بە بنەما و پێداویستیەکی سەرەکی بۆ ئامادەکردن و شیاوکردنی فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى بۆ پیشەیی مامۆستایى دادەنرێ، چونکە یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی تواناکانیان لە بوارەکانی پەروەردەیی و پەیوەندیکردندا، هەروەها توانای پیشەییان بەڕێوەبردنی پۆلەکان بە شێوەیەکی کارا بەهێز دەکات .






