فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن سەردانی ئاژانسى مەڵتی میدیا دەکەن
لە هەنگاوێکدا بۆ بەرزکردنەوەی ئەزمونی کردەیی فێرخوازانى ڕاگەیاندن، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٥)، بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدر ئەحمد جمال حمه كريم سەردانى ئاژانسى مەڵتى میدیایان دەکەن.
فێرخوازان لەلایەن فەرهەنگ تۆفیق بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کڕیارانی ئاژانسەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا ، پاشان کورتەیەکى گشتی لەبارەى ئاژانسەکەیان و چالاکییە جیاوازەکانیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى ئاژانسەکەیان، لە میانەی بەسەرکردنەوەکەیان فێرخوازان زانیارییان لەسەر ڕەوتی کارکردن لە هەر بەشێکی دەزگاکەدا وەرگرت، هەر لە بەشی بەرهەمهێنانەوە تا بەشی مارکێتینگ، بۆ ئەوەش ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەرک و کارەکانی هەر بەشێک پێدرا، بەتایبەت لە کارە جیاوازەکانیان لە نێوان بەشەکان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی میدیاییەکانیان. هەر لەو چوارچێوەیەدا نورا بیلال، سەرپەرشتیاری بۆنە و ئاهەنگەکان لە ئاژانسەکە، ڕونکردنەوەى تەواوى سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی بۆنە و فێستیڤاڵەکان و، قۆناغەکانی پلاندانان و جێبەجێکردنی ڕووداوەکان، هەر لە دانانی ئامانجەوە تا هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان بۆ فێرخوازان باسکرد.
لە بەرانبەردا، فێرخوازان کۆمەڵێک پرسیاریان لەبارەى لایەنە جیاوازەکانى ئاژانسەکە ئاراستەى بەرێوەبەر و سەرپرشتیارى بەشەکان کرد و، ئەوانیش وەڵامیان دانەوە، هەروەک ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر دوپاتکردەوە، بەتایبەت لە ڕەخساندنی هەلی ڕاهێنان بۆ فێرخوازان و پێشکەشکردنی بابەت و وۆرک شۆپی تایبەتمەند لە بوارەکە.