فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن هەڵمەتێکی فراوان بۆ پاککردنەوە و هۆشیاری ژینگە بەڕێوەدەبەن
بە بۆنەی “ڕۆژی جیهانیی پاکوخاوێنڕاگرتنى ژینگە و خاوێنکردنەوەی”، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (21/9/2025)، بەچاودێرى سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى چوارەم و سێیەمى بەشەکە چالاکییەکی بەرفراوانی پاککردنەوە و هۆشیاری ژینگەییان لە بازاڕی گەڕەکی کوردستان (حى عەسکەرى) لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن هەڵمەتەکەیان بە دروشمی “هەر تاکێک بەرپرسیارە لە پاراستنی ژینگە” بەڕێوەبرد، لە سەرەتای هەڵمەتەکەیاندا، فێرخوازان دەستیان بە کۆکردنەوەی پاشماوە و خاشاک لە شەقامەکان و نێو بازاڕەکە کرد، بەهۆیەوە ڕێژەیەکی زۆر لە پلاستیک، کارتۆن و پاشماوەی خۆراکیان کۆکردەوە و، سەرجەم ئەو پاشماوانەیان خستە نێو کیسە تایبەتەکانەوە و لە شوێنى تایبەت بە فڕێدان دایننا، ئەوەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پاکوخاوێنی گەڕەکەکە و بازاڕەکە دروست کرد، جگە لە چالاکیی پاککردنەوە، فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن پەیامی هۆشیارییان بە کاسبکاران و هاوڵاتیانی ناوچەکەش گەیاند.
ئەم هەڵمەتەى فێرخوازان لە چوارچێوەی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام، بەتایبەتی ئامانجەکانی (11، 13، 15) دێن، کە پەیوەستن بە “شار و کۆمەڵگە بەردەوامەکان”، “کاری کەشوهەوا” و “ژیان لە وشکانیدا”، کە لە ڕێکەوتى (8ی کانوونی دووەمی 2023)ەوە، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆدەنگی بڕیاریدا (20ی ئەیلوول)ی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی خاوێنکردنەوەی ژینگە لە جیهاندا پەسەند کرد و ساڵانەش لەسەر ئاستى وڵاتان بە شێواز و چالاکى جۆراوجۆر ئەو یادە دەکرێتەوە.