فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار هەڵمەتێکى فراوان بۆ پاراستن و بەفیڕۆنەدانى ئاو بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (13/10/2025)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی بۆ پاراستن و بەفیڕۆنەدانى ئاو بەڕێوەبرد.
لە میانەى ئەو هەڵمەتەدا، کە بە چاودێرى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار و، بە سەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هێڤى محمد قادر بەڕێوەچوو، فێرخوازان سەردانى گەڕەکى کوردستان (حى عەسکەرى)یان لە شارى هەولێر کرد و، پرۆشۆرەکانی هۆشیارییان بەسەر دانیشتوانی گەڕەکەکە دابەش کرد، هاوکات هەڵمەتەکەیان بازاڕ و دوکاندارانى گەڕەکەکەشى گرتەوە و پرۆشەرەکانیان بەسەر ماڵ و دوکاندار و ڕێبوارانى گەڕەکەکەشدا دابەشکرد و، هانى هاوڵاتیانیاندا بەشێوەیەکى هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئاو بکەن، چونکە ئاو سەرچاوەى ژیانە.
فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار پێشتر بەهاوکارى ستافى زانستى بەشەکە ناونیشان و ناوەڕۆکى پرۆشەرەکەیان بە ناونیشانى (پاراستنى ئاو، پاراستنى هەسارەیە، هەر دڵۆپێک ئاو ئەژمار دەکرێت) ئامادە و چاپکرد، کە کۆمەڵێک زانیارى گرنگى لەبارەى ئاو، پاراستنی ئاو، داتای پاراستنى ئاو و چەندین زانیارى دیکەى لە خۆگرتبوو، وەک بەفێرۆدانى دڵۆپێک ئاو یەکسانە بە (٢٠) گاڵۆن ئاو لە ڕۆژێکدا. جگە لەوەش، کۆمەڵێک زانیارى دیکەى گرنگى لەبارەى چۆنیەتى بەکارهێنان و مامەڵەکردنى لەگەڵ ئاو لە ماڵەکاندا لەخۆگرتبوو، لەوانە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لە کاتی خاوێنەکردنەوەى (ددان، قاپشۆردن و خاوێنکردنەوەى کەلوپەل و پێداویستیەکانى ڕۆژانە)…هتد.
هەڵمەتەکەش بووە مایەى خۆشحاڵى و دەستخۆشى دانیشتوان و هاوڵاتیان و دوکانداران و ڕێبوارانى بازاڕەکە و بەهەنگاوێکى ئەرێنى وەسفیان کرد.