فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا، بەگەشتێکى زانستى کەلتورى؛ شارى (کراکۆڤ)یان لە وڵاتەکە بەسەرکردەوە
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە ئێستادا لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی فێرخوازان لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences)لە پۆڵەندان، ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (٧/١١/٢٠٢٥) بە گەشتێکى زانستى کەلتورى، سەردانى شاری کراکۆڤى وڵاتەکەیان کرد.
شارى کراکۆڤ، بە یەکێک لە ناوەندە کەلتووری و ئەکادیمییە مێژووییەکانی ئەوروپا دادەنرێت، لە میانەى گەشتەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى شارۆچکەى (Stare Miasto) یان کرد، کە لە لیستی میراتی جیهانیی یوونێسکۆدا تۆمارکراوە، بۆ ئەوەش فێرخوازان بە کۆڵانەکاندا گوزەریان کرد و چێژیان لە بیناسازیی سەردەمی ڕێنێسانس و ژینگەی گەشاوەی گۆڕەپانی سەرەکیی بازاڕ (Rynek Główny) وەرگرت، لەهەمان کاتدا سەرسامبوون بە کڵێسای (سانت ماری)، بە تایبەت بە بورجە دووانەکانی و زەنگی مێژوویی ( Hejnał Mariacki)، کە ڕەهەندێکی کەلتووری و مێژوویی قووڵی بە گەشتەکە بەخشی.
لە وێستگەیەکى دیکەى گەشتەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کە پێکهاتوون لە (إبراهيم زكي محمد صالح) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى چارەسەرى سروشتى، (مروان محمد أحمد) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس و (محمد علي بكتش) قۆناغى سێیەم لە بەشی شیکارى تاقیگەى پزیشکى سەردانی قەڵای ناوازەی (واوێڵ)یان کرد، کە لەسەر گردی واوێڵ و بەسەر ڕووباری (ڤیستولا)دا هەڵکەوتووە. ئەم قەڵایە، کە پێشتر شوێنی نیشتەجێبوونی پاشاکانی پۆڵەندا بووە، وەک هێمایەکی بەهێزی مێژووی پۆڵەندا و ناسنامەی نیشتمانی ماوەتەوە، هاوکات فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشناى حەوشە، و مۆزەخانەکانی قەڵاکە بوون، هەروەک بووە دەرفەتێکی زانستی و ڕۆشنبیریی قووڵ بۆ فێرخوازان بۆ تێگەیشتن لە هونەر، مێژوو و کەلەپووری دەوڵەمەندی وڵاتەکە.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک ئەوەى ئاماژەیان پێدا، گەشتەکەیان لەگەڵ ئەوەى بووە ئەزموون و دەرفەتێکی ناوازە بۆیان، چونکە بەهۆیەوە لە نزیکەوە ئاشناى شوێنەوارە مێژووییەکان بوون، هەروەک لە گرنگیی پاراستنی میراتی کەلتووری تێگەیشتن، جگە لەوەش ڕۆڵێکی کاراى لە فراوانکردنی ئاسۆ زانستی و کەلتوورییەکانی هزرى فێرخوازاندا هەبوو.






