فێرخوازانى زانکۆی جیهان – هەولێر قوتابیانى قوتابخانەیەک ئاشناى (AI) دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (4 ی کانوونی یەکەمی 2024) گروپێک لە فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان لە هەولێر سەردانى قوتابخانەیەکى شارى هەولێریان کرد و، قوتابیانیان ئاشناى زیرەکى دەستکرد کرد.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر هودا شوان عمر سەرپەرشتی دەکران، دواى ئەوەى لەلایەن مامۆستا حەسیبە حەسەن، بەڕێوەبەری قوتابخانەى ڕۆنیاى بنەڕەتى کچان پێشوازییان لێکرا، ئینجا لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى بابەتەکەیان لەبارەى چۆنیەتى سوودوەرگرتن لە زیرەکی دەستکرد (AI) بۆ پەرەپێدانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی پێشکەش بە قوتابیان کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا تێڕوانینێکی گشتیان لەسەر زیرەکی دەستکرد و بەکارهێنانی لە پەروەردەی زماندا خستەڕوو، دواتر چەندین ئامرازی زیرەکی دەستکردیان بە قوتابیان ناساند، کە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ئینگلیزی ئامادە کراون، وەک یارمەتیدەری دەربڕین، بەرنامەکانی دروستکردنی وشەگەل و پلاتفۆرمی مەشقی زمانی کارلێکەر.
سیمینارەکە بووە دەرفەتێکى گرنگ بۆ ئاوێتەکردنى تەکنەلۆژیا بۆ پەرەپێدانى لایەنى پەروەردەیی و زمانەوانى، ئەوەش لە ڕێگەى ئەو پرسیار و وەڵامانەى کە لە کاتى پێشکەشکردنى بابەتەکە خرانەڕوو، لە کۆتایشدا بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ پێشکەشکردنى ئەو زانیارییە بەپیتانە بۆ قوتابیانى قوتابخانەکەیان و، هیواى چالاکى بەردەوام و جۆرى بۆ خواستن.