فێرخوازانى بەشى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی یادی ٣٧ ساڵەی قوربانیانى تاوانەکانی ئەنفال لە مۆنۆمێنتى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان دەکەنەوە
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٤/٤/٢٠٢٥)، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی (37) ساڵەی کۆمەڵکوژی ئەنفالکراوەکان، فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفال و شەهیدیان لە شاری هەولێر کرد و، یادى قوربانیانى شاڵاوەکانى پرۆسەى ئەنفالیان کردەوە، کە ڕژێمی بەعس لە عێراق بەرامبەر گەلی کورد لە ناوچە جیاکانى کوردستان ئەنجامیدا.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن شوکرەڵا بابەکر بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری مۆنۆمێنتی ئەنفال و شەهیدان بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، ئینجا ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەسەر مۆنۆمێنتەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، ڕاشیگەیاند بەم نزیکانە مۆنۆمێنتەکە بەفەرمی بەڕووی سەردانکەراندا دەکرێتەوە، پاشان ئاماژەى بە تاوانى ئەنفال کرد کە چۆن ڕژێمى پێشوى عێراق بە چەند قۆناغێک بەرامبەر بە گەلى کورد ئەنجامیدا و بەهۆیەوە هەزاران خەڵکى بێ تاوان زیندە بەچاڵ کران و، سەدان گوند خاپورکران، هەروەک بە گرنگیەوە ئاماژەی بەو مەراسیمى یادکردنەوەیە کرد بەتایبەت لە ئاشناکردنى نەوەى نوێ بەو سیاسەتە دڕندەیەى بەرامبەر بەگەلى کورد و خەڵکى بێ تاوان ئەنجامیدا، جگە لەوەش وتى: یادکردنەوەى دەرفەتێکە بۆ یادکردنەوەى قوربانیان و ڕێزلێنان لە کەسوکاریان.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازانى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی تاجە گوڵینەیان لەسەر گۆڕە ڕەمزیەکانى مۆنۆمێنتەکە دانا و، درود و ڕێزیان بۆ ڕوحى پاکى شەهیدانى ئەو کارەساتە ڕەوانە کرد.