فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە کۆنفرانسێکى زانستی پزیشکانی ددان دەکەن
لە ڕۆژانى (٢٦ و ٢٧/ ٩/٢٠٢٤) لە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی هۆتێل ڕۆتانا لە شارى هەولێر، دووەمین کۆنفرانس و پێشانگەی نێودەوڵەتی پزیشکی ددان بەڕێوەچوو و، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییەکى کاراى کۆنفرانسەکەیان کرد.
فێرخوازان کە بەسەرپەرشتى دکتۆر قەیس ئەلجومەیلى ڕاگرى کۆلێژى پزیشکى ددان بەشداریان لە کۆنفرانسەکەدا کرد، کۆمەڵێک بابەتى تایبەت بە بوارە جیاکانى زانستى پزیشکى ددان لەلایەن مامۆستایان و توێژەران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان پێشکەشکران و، فێرخوازانیش بە پرسیار و تێبینیەکان بەشداریان لە چەند پانێڵێک کرد.
هەر لەو کۆنفرانسەدا، کە بەئامادەبوونى ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی ددان و میوانانی ناوەخۆ و دەرەوە بەڕێوەچوو، کۆنفرانسەکە لە لایەن کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی هەولێری پزیشکی و زانکۆی ئوردن ڕێکخرابوو چەندین توێژینەوەى ڕەسەن و نایاب پێشکەشکران.
لە پەراوێزى کۆنفرانسەکەشدا، پیشانگەیەکی تایبەت بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی ددان بەڕێوەچوو، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى پیشانگەیەکەدا ئاشناى نوێترین داهێنان و ڕەوتى پێشکەوتنەکان لە بواری کەرەستەی ددان و تەکنەلۆژیای نوێکراوە و تەکنیکە پێشکەوتووەکان و دەرمان بوون.