فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکی ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ نەخۆشخانەی مێدیکانۆى تایبەت ئەنجام دەدەن
لە ڕۆژانى سێ شەممە و چوارشەممە ڕێکەوتى (٤ و ٥ /٢/٢٠٢٥) ڕاگرایەتى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکى زانستى بۆ هەردوو گروپى فێرخوازانى قۆناغی سێیەم بۆ نەخۆشخانەی مێدیکانۆی ئەهلی لە شارى هەولێر بەڕێوەبرد.
سەردانە زانستیەکانى فێرخوازان بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر خالید ئەلشهابی و مامۆستای یاریدەدەر باهۆز هیمداد مجید و بەهەماهەنگى دکتۆر هونەر مستەفا خدر بەڕێوەبەری نەخۆشخانە ڕێکخرا، فێرخوازان بەگەیشتنیان لەلایەن سەحەر ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکان پێشوازییان لێکرا. پاشان هاوەڵى فێرخوازان کرد بۆ بەسەرکردنەوەى ئەو نەخۆشانەى، کە نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، لە میانەى بەسەرکردنەوەى نەخۆشەکاندا فێرخوازان زانیارى پێویستیان لە بارەى پرۆسەی چاکبوونەوە بەدەستهێنا.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانە زانستیەکەیاندا، فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان سەردانى هۆڵی نەشتەرگەرییان لە نەخۆشخانەکە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە نزیکەوە ئاشناى بەشە جیاوازەکان و ئامێرەکانی نەشتەرگەری و ئامێرە پزیشکییەکان بوون، سەرەڕای ئەوەش، ئەوان زانیارییان لەبارەى ستافی پەرستاری سەبارەت بە حاڵەتێکی مەترسیدار (ICU) لەوەرگرت .