فێرخوازانى کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ نەخۆشخانەی ئارژین لە شاری هەولێر ئەنجام دەدەن
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٤/٤/٢٠٢٤، ڕاگرایەتى کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپرشتى مامۆستا ئەنەس ئەخورى گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغی یەکەم بۆ نەخۆشخانەى ئارژین لە شارى هەولێر ڕێکخست.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن ستافى کارگێڕى نەخۆشخانەکە پێشوازیان لێکرا، ئینجا بەشەکانى نەۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە بەتایبەت بەشى دەرمانخانەکە لەناو نەخۆشخانەکە، بۆ ئەوەش لەلایەن پزیشک و کارمەندانى پسپۆڕ فێرخوازان ئاشناکران بە چۆنیەتی هەڵگرتنی دەرمانی نەخۆشخانەکە، هەروەک ئاشناى چۆنیەتى دیاریکردنى چۆن ژەمە دەرمانیەکان بۆ نەخۆشەکان بوون، ئەوەش بە پشت بەستن بە ڕەچەتەى پزیشکى پسپۆڕ و دیاریکردنى کێش و تەمەن و باری کلینیکی نەخۆشەکە.
فێرخوازان لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، بەشی تاقیگەی پزیشکی نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن کارمەندانى پسپۆڕ ڕوونکردنەوە سەبارەت بەو ئامێرانەی لە تاقیگە بەکاردەهێندرێن لەگەڵ چۆنیەتی کارکردنیان و، جۆری ئەو شیکاریانەی ئەنجام دەدرێن پێشکەشى فێرخوازان کرا.
لە کۆتایشدا مامۆستاى سەرپەرشتیارى سوپاسی سەرجەم کارمەند و پزیشکانى نەخۆشخانەکەى کرد، کە بەشێوەیەکى مەیدانى زانیاریان لەبارەى جۆرى کارەکانیان و چۆنیەتى کارکردنیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد.