فێرخوازانی بهشی ڕاگەیاندن چالاکیەکى زانستى لە قوتابخانەى سەربەستى بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (١١/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان –ههولێر، کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە (ژیار ئیسماعیل، ژیلیا حاتەم، لەیار ئازا، زەهرا هۆشەنگ، ڕزگار ساڵح، ویداد وەسام و، سەفین ئەکرەم) سەردانی قوتابخانەیەکی سەربەستى ئەهلییان کرد و، لە لایەن مامۆستا زانا ئەحمەد بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستایان هالە دلێر و ڕۆژان وریا و نێرگز عوسمان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە سەرەتای سەردانەکەدا بەڕێوەبەری قوتابخانە تێڕوانینێکی گشتی لە سیستەمی پەروەردەیی قوتابخانەکە و ستانداردە ئەکادیمییەکان و لێهاتوویی قوتابیان خستەڕوو، بەتایبەتی تیشکی خستە سەر شێوازی وانەوتنەوە و شارەزایی مامۆستایان لە پێشخستنی بواری پەروەردەدا، پاشان مامۆستاى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پێشخستنی گەشەپێدانی فیکری لە دامەزراوە پەروەردەییەکان کردەوە و، تیشکی خستە سەر پێویستی ئاشناکردنی فێرخوازان بە ڕێگا کاریگەرەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگە ئەکادیمییەکان و ئامادەکاری بۆ خوێندنی زانکۆی داهاتوویان.
دواتر فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندنلە هۆڵى قوتابیخانەکە سمینارێکیان بەناونیشانی “کاریگەری سۆشیال میدیا: لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، لە میانەى پێشکەشکردنى سمینارەکەیدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى کردارى و بە گروپ باسیان لە لایەنە جۆراوجۆرەکانى سۆشیال میدیا و کاریگەرى لەسەر لایەنى پەروەردەیی و خوێندنى قوتابخانە کرد، هەروەک باسیان لە کاریگەری سۆشیال میدیا لەسەر ژیانیان لە بوارى تەندروستى جەستەیی و بینین و تواناى بیرکردنەوەى قوتابیان کرد، بۆ ئەوەش کۆمەلێک ئامۆژگارییان لە بارەى چۆنیەتی بەکارهێنانى مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پێشکەش بە قوتابیان کرد.