فێرخوازانی بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك هۆشیاری دەربارەی ئاسایشی دیجیتاڵ دەگەیەننە قوتابیانی قوتابخانەی جیهان
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە (١٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دوعا حەیدەر مستەفا) و بە بەشداری فێرخوازان (یاسمین ئەحمەد، دانیا ئوسامە و نوروڵا فەخری) بەڕێوەچوو، لە میانی سیمینارەکەیاندا، فێرخوازانی زانکۆ بابەتێکی تەکنیکی و وردیان دەربارەی پاراستنی ئاسایشی دیجیتاڵی و چۆنییەتی ناسینەوەی هەوڵەکانی هاککردن و دزەپێکردنی زانیارییەکان لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێشکەش کرد. هەروەها، تیشکیان خستە سەر ئەو مەترسییانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووی بەکارهێنەران ببێتەوە و ڕێگاکانى کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانە و پاراستنی نهێنییە کەسییەکان بۆ قوتابیان ڕوون کرایەوە. هەر لە سیمینارەکەدا جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دیجیتاڵی و نیشاندانی باشترین پەیڕەوەکان کردەوە بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن بە شێوەیەکی ئەرێنی و سوودبەخش ئەم پلاتفۆرمە تەکنەلۆژییانە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاربهێنن.
ئەم چالاکییە کاردانەوەیەکی زۆری لای قوتابیانی قوتابخانەکە دروست کرد و بە پەرۆشییەوە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد، کە ئەمەش نیشانەی گرنگیی بابەتەکە بوو بۆ ژیانی ڕۆژانەیان. لە پەراوێزی سەردانەکەدا، شاندی فێرخوازانی زانکۆ لەگەڵ هەریەک لە مامۆستایان (نازار عبد الستار عبدالرحمن و شيا عمر محمد) کۆبوونەوە و بیروڕای زانستی و پەروەردەییان دەربارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی توانای قوتابیان ئاڵوگۆڕ کرد.







