فێرخوازانی بەشى ئەندازیاری تەلارسازی دیزاینی لاندسکێپی پڕۆژەی (Park Avenue) بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (4/2/2026) ، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ پڕۆژەی (Park Avenue) لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (گۆران ڕەشید فەتاح) بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن ئەندازیار (کاشان ڕەشید فەتاح) پێشوازییان لێکرا، کە کورتەیەکی لەبارەی پڕۆژەکە و بیرۆکەی گشتیی دیزاینی لاندسکێپ و ڕێکخستنی شوێنی پڕۆژەکەی بۆ فێرخوازان باسکرد. لە میانی گەشتەکەدا، ئەندازیار کاشان ڕەشید بە وردی پێکهاتە جیاوازەکانی لاندسکێپی لە پڕۆژەکەدا ڕوونکردەوە، لەوانە توخمەکانی (Hardscape) و (Softscape)، ڕێڕەوەکان، ناوچە سەوزاییەکان و کەرستەکانی ناو شوێنەکە (Site Furniture). هەروەها تیشکی خستە سەر میکانیزمی جێبەجێکردن و قۆناغەکانی کارکردن لە پڕۆژەکەدا.
ئەندازیار کاشان ڕەشید فەتاح جەختی لە گرنگیی دیزاینی لاندسکێپ بۆ فێرخوازانی ئەندازیاریی تەلارسازی کردەوە و، ڕوونی کردەوە چۆن فەزا دەرەکییەکان ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی دیزاین بکرێن، دەبنە هۆی باشترکردنی جۆری ژینگە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسوودەیی بەکارهێنەر، جگە لەوەی ناسنامەیەکی تەلارسازیی جوان بە پڕۆژە نیشتەجێبوونە گەورەکان دەبەخشن.







