فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ هەڵمەتێکی تەندروستی و پشکنینی بێبەرامبەریان لە “گڕاند ماجیدی مۆڵ” ئەنجام دەدەن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (١٥ی ئازاری ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم و چوارەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی بەرفراوانی هۆشیاریی تەندروستی و پشکنینی پزیشکیی بێبەرامبەریان بۆ هاوڵاتیان لە ناوەندی بازرگانی (گڕاند ماجیدی مۆڵ) ئەنجامدا.
ئەم دەستپێشخەرییە بە سەرپەرشتی سەرۆکایەتی بەش بەڕێوەچوو، لە میانی ئەم چالاکییەدا، فێرخوازانی زانکۆ کۆمەڵێک ڕێنمایی زانستییان دەربارەی شێوازە دروستەکانی بەربانگکردنەوە و چۆنیەتی گواستنەوەی سیستەمی خۆراک بۆ دۆخی ئاسایی لە دوای مانگی ڕەمەزان و ڕۆژانی جەژنی قوربان پێشکەش بە هاوڵاتیان کرد. هاوکات، فێرخوازان بە شێوەیەکی مەیدانی چەندین پشکنینی سەرەتاییان وەک: پێوانەکردنی پەستانی خوێن، ڕێژەی شەکرە لە خوێن و دیاریکردنی گرووپی خوێن بۆ ئامادەبووان ئەنجامدا و لەسەر بنەمای ئەنجامی پشکنینەکان، شیکردنەوەی پزیشکی و ڕێنمایی پێویستیان بۆ پاراستنی باری تەندروستییان پێ بەخشین.
هەر لە ناو چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، فێرخوازان هەماهەنگییان لەگەڵ “تاقیگەی فلۆریا بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان” کرد، کە تێیدا تاقیگەکە پاڵپشتیی چالاکییەکەی کرد لەرێگەی دابینکردنی پشکنینی بێبەرامبەری وەک (CBC و Lipid Profile) و، بڕی ٥٠٪ داشکاندن بۆ چەندین پشکنینی تاقیگەیی دیکە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی سەردانی ستاندی زانکۆیان کردبوو.







