فێرخوازانی بەشى تەکنیکی دروستکردنی ددان بەسەرکردنەوەیەکی زانستییان بۆ سەنتەری “ڤانێست” ئەنجامدا
ڕۆژی دووشەممە ڕیکەوتى (٢٦/١/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر “مەحمود عەبدوڵا”، سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەکانی سەنتەری “ڤانێست” (Vanest) بۆ پزیشکی ددان ئەنجامدا.
بەگەیشتنیان لە لایەن دکتۆر “جێگر دەربەندی” بەڕێوەبەری سەنتەرەکە پێشوازی لە فێرخوازان کرا، سەرەتا لە وتەیەکیدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی نێوان ناوەندە ئەکادیمییەکان و سەنتەرە پزیشکییە پسپۆڕەکان کردەوە بۆ پەرەپێدانی کارامەیی فێرخوازان. پاشان دکتۆرە “ماریا بورهان” و دکتۆرە “رانیا ئەمین” بابەتێکیان پێشکەش کرد و تیایدا تیشکى خستە سەر شێوازە مۆدێرنەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان پزیشکی ددان و تەکنیکاری تاقیگە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی باشترین ئەنجامی چارەسەری و جوانکاری.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا؛ فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشنای نوێترین تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکان بوون، کە لە بواری دیزاین و دروستکردنی ددانی دەستکرد و ئامێرەکانی ڕاستکردنەوەی ددان (Orthodontics) بەکاردێن، هاوکات لە نزیکەوە ئاشناى ڕۆڵی ئامێرە پێشکەوتووەکان و کاریگەرییان لەسەر بەرزکردنەوەی کوالێتی کارەکان و بەشە کلینیکییەکانیان بەسەرکردەوە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی وەرگرتنی پێوانەکان و هەڵبژاردنی ڕەنگی گونجاو بۆ ددانەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ ددانی سروشتی مرۆڤدا هاوتا بێت.







