فێرخوازانی بەشى تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی هۆشیاریی تەندروستی بڵاو دەکەنەوە
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (١٤ی ئازاری ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییەکی کاراییان لە چالاکییەکانی فیستیڤاڵی “هەولێر ستریت بازاڕ”دا کرد.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عومەر عادل محەمەد عەلی) سەرۆکی بەش و لە ڕێگەی ستاندێکی تایبەتەوە بەڕێوەچوو، کە تێیدا فێرخوازانی قۆناغە جیاوازەکانى بەشەکە زنجیرەیەک چالاکیی هۆشیاری و کۆمەڵایەتییان بۆ سەردانیکەرانی فیستیڤاڵەکە ئەنجامدا.
لە میانی فیستیڤاڵەکەدا، فێرخوازان تیشکیان خستە سەر گرنگیی پشکنینی خولی (Periodic Checkup) و ڕۆڵی لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی زۆرێک لە کێشە تەندروستییەکان. فێرخوازانی بەشەکە ڕێنمایی و زانیاریی وردیان پێشکەش بە هاوڵاتیان کرد دەربارەی پێویستیی بەدواداچوونی بەردەوام بۆ باری تەندروستی و بایەخدان بەو پشکنینە پزیشکییانەی کە یارمەتیدەرن لە پاراستنی جەستە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، ئەمەش بووە مایەی ڕەخساندنی ژینگەیەکی کارلێکەر لە نێوان زانکۆ و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا.
بەشێکى دیکەی چالاکییەکە تەرخانکرابوو بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان دەربارەی چۆنیەتی پاراستنی تەندروستی لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، بۆ ئەوەش فێرخوازان کۆمەڵێک ئامۆژگاریی زانستییان پێشکەش کرد سەبارەت بە پاراستنی هاوسەنگیی جەستە لە کاتی ڕۆژوودا و گرنگیی چاودێریکردنی نیشانە تەندروستییەکان و پابەندبوون بە ڕێنماییە پزیشکییەکان لە کاتی پێویستدا. لە بەرانبەردا هاوڵاتیان و سەردانیکەرانی فیستیڤاڵەکە خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی زانکۆی جیهان-هەولێر دەربڕى.







