فێرخوازانی بەشى تەکنیکەکانی چاودێری چاو و بینین پشکنینی بێبەرامبەر بۆ سەردانیکەرانی “هەولێر ستریت بازاڕ” ئەنجام دەدەن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٣/١٢)، فێرخوازانی قۆناغی یەکەم و دووەمی بەشى تەکنیکەکانی چاودێری چاو و بینین لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییەکی کارایان لە فیستیڤاڵی “هەولێر ستریت بازاڕ”دا کرد .
ئەم چالاکییە کۆمەڵایەتی و زانستییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عومەر عادل محەمەد عەلی) سەرۆکی بەش و لە ڕێگەی ستاندێکی تایبەت و کارلێکەرەوە بەڕێوەچوو، لە میانی چالاکییەکانی فیستیڤاڵەکەدا، فێرخوازانی بەشەکە چەندین خزمەتگوزاریی هۆشیارییان پێشکەش بە هاوڵاتیان کرد، کە جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی تەندروستی چاو و بینین دەکردەوە. فێرخوازان کۆمەڵێک ڕێنمایی و ئامۆژگاریی زانستییان دەربارەی شێوازەکانی چاودێریکردنی چاو، ڕێگەکانی خۆپارێزی لە کزبوونی بینین، و بایەخی پشکنینی خولی (Periodic Checkup) بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی کێشەکانی بینین بۆ ئامادەبووان شیکردەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستیی سەردانیکەران هەبوو.
هەروەها، ستاندەکەی زانکۆی جیهان-هەولێر بڕگەیەکی پراکتیکیی گرنگی لەخۆگرتبوو کە بریتی بوو لە پشکنینی بێبەرامبەری بینین بۆ هاوڵاتیان بە بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووی (AXIS DC Auto Refractometer) ، بەتایبەت دیاریکردنی پلەی شکانەوەی بینین (Refraction) و، دەستنیشانکردنی کێشە سەرەتاییەکانی چاو. ئەم دەستپێشخەرییە پێشوازییەکی زۆری لێکرا و هاوڵاتیان ستایشی ڕۆڵی کارای زانکۆ و فێرخوازانیان کرد.







