فێرخوازانی بەشى شیکاری کیمیایی پزیشکی هاوکاریی زستانە دەگەیەننە منداڵانی قوتابخانەی کەورەبەنی بنەڕەتی
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١٨ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر کە پێکهاتبوون لە (ساڵح شوان، دالیا دلێر و فاتیمە نایف)، سەردانێکی مرۆیی مەیدانییان بۆ قوتابخانەی کەورەبەنی بنەڕەتی ئەنجامدا.
ئەم دەستپێشخەرییە بە مامۆستای یاریدەدەر (هەورێ فەتاح) سەرۆکی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی و وەک بەشێک لە چالاکییە خۆبەخشییەکان بۆ پشتیوانیکردنی کۆمەڵگە بەڕێوەچوو. لە سەرەتادا شاندی فێرخوازان لەلایەن (هیمداد عوسمان عەولە) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە پێشوازییان لێکرا و دەستخۆشی لەم هەوڵە مرۆییەی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد.
لە میانی ئەم سەردانەکەیاندا، فێرخوازانی زانکۆ پێداویستییەکانی زستانەیان وەک (گۆرەوی، دەستکێش و کڵاو) بەسەر قوتابیانی قوتابخانەکەدا دابەش کرد، لە پێناو پاراستنی منداڵان لە سەرمای وەرزەکە، بەتایبەت ئەو قوتابیانەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندندان و زیاتر بەرەوڕووی نەخۆشییەکانی وەرزی زستان دەبنەوە. فێرخوازان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکارییەکانیان گەیاندە دەستی منداڵەکان و کاتیان بۆ ئاخافتن و هاندانیان تەرخان کرد.
لە کۆتایدا؛ بەڕێوەبەری قوتابخانەی کەورەبەن پێزانینی خۆی بۆ ئەم ئاوڕدانەوەیە دەربڕی و هیوای بەردەوامیی بۆ ئەم جۆرە پڕۆژە خێرخوازییانە خواست.







