فێرخوازانی بەشى وێنەگرتنى تیشکى هۆشیاریی پاراستنى ژینگەیی دەگەیەننە قوتابیانی قوتابخانەی ڕەنج
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٦ی شوباتی ٢٠٢٦)، چالاکییەکی هۆشیارییان بۆ قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی لە قوتابخانەی ڕەنجی ئەهلی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عومەر عادل محەمەد عەلی) سەرۆکی بەش بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا شاندی فێرخوازان لەلایەن مامۆستا (هەردی کەرکی) پێشوازییان لێکرا، کە تێیدا دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییە کرا بۆ بەهێزکردنی هۆشیاریی ژینگەیی لای منداڵان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندندا.
پاشان فێرخواز (ئەمەل عەبدولڕەحیم شندو) بە زمانێکی سادە و گونجاو چەمکی ژینگەی بە منداڵەکان ناساند و بایەخی ژینگەی لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕوون کردەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر پەیوەندیی پتەوی نێوان مرۆڤ و سروشت و جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی ئەم سامانە سروشتییە بۆ نەوەکانی داهاتوو کردەوە، دواتر فێرخواز (تەیبە سوبحی عەلی) تەوەری دووەمی بابەتەکەى پێشکەش کرد، کە تایبەت بوو بە کێشەی پیسبوونی ئاو. بۆ ئەوەش ڕوون کردەوە کە چۆن فڕێدانی پاشماوە و خاشاک دەبێتە هۆی تێکدانی پاکوخاوێنی ڕووبار و دەریاچەکان، هاوکات ئەو زیانە گەورانەی بۆ قوتابیان باس کرد کە بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە بەر ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان دەکەون.
لە کۆتا بڕگەی چالاکیە پەروەردەییەکەدا، فێرخواز (شانێل سەردار حەسەن) کۆمەڵێک چارەسەر و ڕەفتاری ئەرێنیی بۆ پاراستنی ژینگە پێشکەش بە قوتابیان کرد. شانێل هانی قوتابیانی دا کە بەشداری بکەن لە پاکڕاگرتنی ژینگە و دەستگرتن بە سەرچاوەکانەوە، هەروەک جەختی کردەوە کە هەر منداڵێک دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر لە پاراستنی سروشتدا بگێڕێت. چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی کارلێکەر کۆتایی هات، کە تێیدا قوتابیان بەڵێنیان دا ئەم ڕەفتارە تەندروستانە لە ناو قوتابخانە و ماڵەوەشدا پەیڕەو بکەن.






