فێرخوازانی بەشى پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە نەخۆشخانەی سویدی ئاشنای ستانداردە نێودەوڵەتییەکانى کارى پەرستارى دەبن
ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى (٢/٢/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکی زانستیی مەیدانییان بۆ نەخۆشخانەی سویدی ئەنجامدا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی دکتۆر (سومسی سانکام) و دکتۆر (سەردار حوسێن ڕەسول) بەڕێوەچوو. لە سەرەتادا، (محەمەد مەتلەب ئیبراهیم) بەڕێوەبەری پزیشکی و سەرۆکی بەشی فریاکەوتن دواى پێشوازیکردن لە فێرخوازان، ئینجا کورتەیەکی دەربارەی پرۆتۆکۆڵە پیشەییەکان و ستانداردە جیهانییەکانی وەرگرتنی کادری پەرستاری بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە.
لە میانەی گەشتەکەدا، فێرخوازان بەشە جیاوازەکانی (OPD، تاقیگە، دەرمانخانە و فریاکەوتنیان بەسەرکردەوە. لە بەشی فریاکەوتن، ئاشنای میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندنی نەخۆشی بێهۆش بە سیستمی AVPU و مامەڵەکردنی کتوپڕ لەگەڵ حاڵەتەکانی دڵ بە میتۆدی ABCDE و سیستمی پۆلێنکردنی نەخۆش (Triage) بوون. هەروەها لە بەشی تیشک ئاشنای تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ و ئامێرەکانی CT Scan و MRI و تایبەتمەندییەکانیان بوون.
لە کۆتاییشدا فێرخوازان بەشەکانی چاودێریی چڕ ICU و NICU و هۆڵەکانی نەشتەرگەرییان بەسەرکردەوە، کە تێیدا ئەرکە ڕۆژانەکانی پەرستار و شێوازی چاودێریکردنی نەخۆش لە بارودۆخە جیاوازەکاندا بۆ فێرخوازان ڕوونکرایەوە.







