فێرخوازانی بەشى پەروەردەی گشتی چالاکیەک دەربارەی پەرەپێدانی خود لە قوتابخانەى باڵا پێشکەشى قوتابیان دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (١٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی پەروەردەی گشتی (ELT) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی زانستی و پەروەردەیییان لە قوتابخانەی باڵای ئەهلی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە کە لە کاتژمێرەکانی بەیانی و بۆ قوتابیانی پۆلی نۆیەم ڕێکخرابوو، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕۆژان عەلی خدر) بەڕێوەچوو. شاندی زانکۆ لەلایەن مامۆستا (سازان عەبدولقادر دەروێش) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و دەستکرا بە پێشکەشکردنی سیمینارەکە لەلایەن هەردوو فێرخواز (نورا عیماد و ڕەیان ئازاد). چالاکیەکە بە ناونیشانی “The Best Version of Yourself” بەڕێوەچوو، کە تێیدا پێشکەشکاران بە وردی باسیان لە چۆنییەتی پەرەپێدانی لێهاتووییەکانی ژیان و دانانی ئامانجی ڕوون کرد. بۆ ئەوەش جەختیان لەسەر گرنگیی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، بەڕێوەبردنی کات بە شێوەیەکی کاریگەر و دابەشکردنی ئەرکەکان کردەوە. هەروەها، تەوەرێکی تایبەتى چالاکیەکەیان بۆ لایەنی تەندروستی جەستەیی و دەروونی تەرخانکرد، وەک گرنگیی خواردنی تەندروست، وەرزشکردن، ڕێکخستنی خەو و هەناسەدانی قووڵ، کە هەموویان هۆکارن بۆ بەهێزکردنی یادەوەری و تەرکیزی قوتابیان لە کاتی خوێندندا.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان فێرخوازانی زانکۆ و قوتابیانی پۆلی نۆیەم و کارگێڕی قوتابخانە ئەنجامدرا، کە تێیدا تیشک خرایە سەر ڕێگاکانی تێپەڕاندنی ترسی شکستهێنان و بەهێزکردنی بڕوابەخۆبوون.
مامۆستا سازان عەبدولقادر دەروێش ، بەڕێوەبەری قوتابخانە، ستایشی ئەم دەستپێشخەرییەی زانکۆی جیهانی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پەرەپێدانی ئەم جۆرە لێهاتووییە مرۆییانە شانبەشانی خوێندنی ئەکادیمی زۆر گرنگە، چونکە قوتابیان ئامادە دەکات بە ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی تەحەددییەکانی داهاتوو ببنەوە و ببنە کەسایەتییەکی سەرکەوتوو لە کۆمەڵگەدا.







