فێرخوازانی بەشى ژمێریاری بە سەردانێکی زانستی بۆ بەڕێوەبەرایەتی خەزێنەی هەولێر ئاشنای ڕێکارە داراییەکانی کەرتی گشتی دەبن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (١٨/١/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان–هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستا (ڕێبین بیلال محەممەد)، سەردانێکی زانستییان بۆ بەڕێوەبەرایەتی خەزێنەی هەولێر ئەنجامدا.
سەرەتا فێرخوازان لە لایەن (ئاسۆ کەریم عەزیز) جێگری بەڕێوەبەری خەزێنەی هەولێر، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، پاشان (هونەر نەجات عەبدولحەمید) لێپرسراوی بەشی ژمێریاری، سیمینارێکی وردی دەربارەی ڕۆڵی خەزێنە، پێکهاتەی کارگێڕی، ئەرکە سەرەکییەکان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، لە نزیکەوە ئاشنای لایەنە پراکتیکییەکانی ژمێریاری کەرتی گشتی و چاودێری دارایی کردن.
هەروەها هونەر نەجات عەبدولحەمید ڕێکارەکانی خەرجکردنی پارە لە لایەن حکومەتەوە، چاودێریکردنی داهاتە گشتییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی خەرجییەکانی بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە. بۆ تێگەیشتنی زیاتر، نموونەیەکی کردەیی لەسەر پرۆسەی خەرجکردنی بڕە پارەیەک (نەفەقە) پیشانی فێرخوازان دا؛ لە قۆناغی پێشکەشکردنی داواکارییەوە تاوەکو تۆمارکردن و چاودێریکردنی مامەڵەکە لە سیستمە فەرمییەکاندا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستا ڕێبین بیلال سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی خەزێنەی هەولێری کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە.







