فێرخوازانی بەشى کارگێڕی کار لە کەناڵی زاگرۆس ئاشنای میکانیزمەکانی کارگێڕی میدیایی دەبن
ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی2026) /1/(18، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) سەردانێکی زانستییان بۆ کەناڵی ئاسمانی زاگرۆس ئەنجامدا.
بەگەیشتنیان؛ لە لایەن خاتوو (هەیفا ساڵح قادر) بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵی فێرخوازانی کرد بۆ ئاشنابوون بە جومگە جیاوازەکانی ناو کەناڵەکە. لە میانەی بەسەرکردنەوەی بەشەکانی هەواڵ و مۆنتاژدا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای چەمکە جیاوازەکانی “کارگێڕی کارکردن” و “بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان” بوون لە ناو دامەزراوەیەکی میدیاییدا. فێرخوازان تێبینییان کرد کە چۆن دابەشکردنی ئەرکەکان و هەماهەنگی نێوان تیمە تەکنیکی و نووسەرەکان دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکێکی کوالێتی بەرز لە کاتێکی دیاریکراودا.
هاوکات لە بەشی سۆشیاڵ میدیادا، خاتوو (نورا ئەمجد عەبدولئەحەد) بەڕێوەبەری بەشەکە، بە وردی ڕێکارەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ناوەڕۆکی میدیایی لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی وەک (فەیسبووک، ئینستاگرام و سناپ چات) بۆ فێرخوازان شیکردەوە. ئەم بەشەی سەردانەکە گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ پسپۆڕی فێرخوازان، چونکە ئاشنایان کردن بە بنەماکانی “بازاڕکاری دیجیتاڵی” و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ “داتاکان” بۆ ڕاکێشانی زۆرترین بینەر. فێرخوازان تێگەیشتن کە چۆن داڕشتنی هەواڵ و ئامادەکردنی ڤیدیۆ تەنها کارێکی ڕۆژنامەوانی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی کارگێڕییە بۆ بەڕێوەبردنی “براند” و گەیاندنی پەیامی ڕێکخراوەیی بە بەکاربران بە شێوازێکی کاریگەر.
لە کۆتایی گەشتە زانستییەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی بێپایانی تەواوی ستاف و بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی زاگرۆسی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە بۆ فێرخوازان.







