فێرخوازانی بەشی تەکنیکی سڕکردن سەردانێکی زانستی و مرۆییان بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی ئەنجامدا
لە چوارچێوەی چالاکییە مەیدانییەکاندا، فێرخوازانى بەشی تەکنیکی سڕکردن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى ٢/٢/ ٢٠٢٦، سەردانێکی زانستی و مرۆیی بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە بەشداریفێرخوازی قۆناغی یەکەم و بە سەرپەرشتی (دکتۆر سارە لەیس عەبدولجەلیل) بەڕێوەچوو. سەردانەکە گەشتێکی مەیدانی لەناو بەشە جیاجیاکانی نەخۆشخانەکەدا لەخۆگرت، کە تێیدا فێرخوازان ئاشناى ژینگەی کارکردنی تەندروستی و میکانیزمەکانی پێشکەشکردنی چاودێریی پزیشکی بە نەخۆشان بوون.
لە لایەکی دیکەوە و وەک لایەنە مرۆییەکەی سەردانەکە، فێرخوازان چالاکییەکی تریان ئەنجامدا کە دابەشکردنی دیاری بوو بەسەر منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە؛ تێیدا دیارییە شینەکان بۆ منداڵانی ڕەگەزی نێر و دیارییە پەمەییەکان بۆ منداڵانی ڕەگەزی مێ تەرخانکرابوون. جگە لەوەش، چەپکە گوڵ و بڕێک هاوکاریی دارایی ڕەمزی وەک پاڵپشتییەکی دەروونی پێشکەش بە منداڵەکان کرا.
فێرخوازانی بەشداربوو بە پەرۆشییەکی زۆرەوە کارلێکیان لەگەڵ چالاکییەکەدا کرد و ئاماژەیان بە گرنگیی ئەم جۆرە سەردانانە کرد لە بونیادنانی کەسایەتی پیشەیی و مرۆیی فێرخوازدا. هاوکات، ستافی پزیشکی و تەکنیکی لە نەخۆشخانەی نانەکەلی هاوکاریى و کارئاسانیەکى بەرچاویان پێشکەش بە فێرخوازان کرد و ڕێنمایی پێویستیان دانێ لە کاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکەدا.







