فێرخوازانی بەشی شیکاریی تاقیگەیی پزیشکی سەردانێکی زانستییان بۆ نەخۆشخانەی شار ئەنجامدا
فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاریی تاقیگەیی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە مەبەستی ئاشنابوون بە لایەنی پراکتیکی پسپۆڕییەکەیان، سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەی نەخۆشخانەی شار و بەشی بانکی خوێن ئەنجامدا.
لەمیانەى ئەو سەردانەدا، کە ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٢٧/١/٢٠٢٦) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر “سالی خەلیل باقر” بەڕێوەچوو، تێیدا فێرخوازان لە نزیکەوە ئاگاداری سیستمی کارکردنی یەکە تاقیگەییە هەستیارەکان و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نموونە پزیشکییەکان بوون.
هاوکات عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری بەشی بانکی خوێن، دواى ئەوەى پێشوازی لە فێرخوازان کرد و ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی دەربارەی قۆناغەکانی وەرگرتنی خوێن و نموونەکان لە کاتی وەرگرتنەوە تا کاتی ئامادەکردنیان بۆ بەکارهێنانی کلینیکی پێشکەش بە فێرخوازان کرد. لەم چوارچێوەیەدا، تیشکى خستە سەر تایبەتمەندییەکانی “پەرەکانی خوێن” (Platelets) و هەستیاریی بەرزیان بەرامبەر تێكچوون، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی مەرجە تەندروستییەکانی هەڵگرتن و چاودێریکردنی بەردەوامیان. جگەلەوانەشباس لە پلازما و شێوازی پاراستنی بۆ ماوەی ساڵێک لە پلەی گەرمی ستاندارد بۆ فێرخوازان کرد.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، فێرخوازان ئاشنای پۆلێنکردنی کیسەکانی خوێنی سوور و جیاوازیی بارودۆخی هەڵگرتنیان بوون بەپێی جۆری گیراوەی پارێزەر. سەرپەرشتیاری بانکەکە گرنگیی “لیبڵکردن” (Labeling) و سیستمی بەدواداچوونی بۆ فێرخوازان ڕوونکردنەوە، لە کۆتاییدا، فێرخوازان بەشەکانی دیکەی تاقیگەی نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە، کە ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ تێگەیشتنیان لە چۆنیەتی تەواوکاریی نێوان یەکە تاقیگەییەکان لە پشتگیریکردنی بڕیاری پزیشکی و چارەسەری نەخۆشان.







