فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە قوتابخانەی دابانی بنەڕەتی باس لە مەترسییەکانی جگەرەکێشان و خواردنەوە گازییەکان دەکەن
گروپێک لە فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە پێکهاتبوون لە هەریەک (توانا سالم، توانا سەرکەوت، هێلین سەعدی، و بەهەشت تارق)، بە سەرپەرشتی مامۆستا “هەورێ فاتیح”، سەرۆکی بەش، سەردانێکی زانستی و هۆشیارییان بۆ قوتابخانەی دابانی بنەڕەتیی تێکەڵاو ئەنجامدا.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٦) بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان لەلایەن ئامانج مستەفا ساڵح، یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکدا یاریدەدەری بەڕێوەبەر دەستخۆشی لەم هەنگاوە گرنگەی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد و، جەختی لەسەر بایەخی ئەم جۆرە چالاکییە مەیدانییانە کردەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە بەگشتى و قوابیان بەتایبەت بەرامبەر بە مەترسییە تەندروستییە دەوروبەرییەکان
پاشان فێرخوازان لە هۆڵى قوتابخانەکە، ناوەڕۆکى بابەتەکەیان پێشکەش بە قوتابیانی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی کرد و، تیایدا تیشکیان خستە سەر مەترسییە بایۆکیمیایی و تەندروستییەکانی جگەرەکێشان و خواردنەوە گازییەکان بە شێوازێکی زانستیی سادە. فێرخوازان لێکەوتە نەرێنییەکانی جگەرەکێشانیان لەسەر کۆئەندامی هەناسە و دڵ ڕوون کردەوە، هاوکات هۆشدارییان دا لە مەترسییەکانی “جگەرەکێشانی ناڕاستەوخۆ” (Passive Smoking) لەسەر تەندروستی منداڵان و گەشەی کۆرپەلە. لە لایەکی دیکەوە، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر باسیان لە پێکهاتە زیانبەخشەکانی ناو خواردنەوە گازییەکان کرد و، ئەوەیان ڕوونکردەوە کە چۆن دەبنە هۆی کلۆربوونی ددان، قەڵەوی و لاوازبوونی ئێسکەکان بەهۆی کەمکردنەوەی مژینی کالسیۆم لە جەستەدا، جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر ئاستی تەرکیزی ڕۆژانە و چالاکیی فیزیکیی قوتابیان.
ئەم چالاکییە بە شێوازێکی کارلێکەر (Interactive) بەڕێوەچوو، تێیدا فێرخوازانی زانکۆ چەندین جێگرەوەی تەندروستییان وەک خواردنەوەی ئاو و شەربەتی سروشتی بۆ قوتابیان پێشنیاز کرد و، منداڵانیان هاندا بۆ پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی دروست و وەرزشکردن. لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازانى زانکۆ چەندین دیاریی هێمایی و فێریکارییان دابەشکرد بۆ هاندانی قوتابیان لەسەر پەیڕەوکردنی ڕەفتارە تەندروستەکان.







