فێرخوازانی بەشی شیکاری تاقیگەى پزیشکی سەردانی تاقیگەی نەخۆشخانەی شار لە هەولێر دەکەن
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٨/١١/٢٠٢٥)، سەرۆکایەتى بەشی شیکارییە پزیشکییەکان لە کۆلێژی زانستە کردارییەکانی زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بۆ تاقیگەی “نەخۆشخانەی شار” ڕێکخست.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی هەریەک لە مامۆستای یاریدەدەر سالی خەلیل باقر و نزار ئیبراهیم یوسف، بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لەلایەن عومەر ڕەشید غایب، سەرپەرشتیاری تاقیگەکەوە پێشوازییان لێکرا. ئینجا بە ڕوونکردنەوەی میکانیزمی وەرگرتنی نموونەکان و تۆمارکردنیان لە سیستمی تاقیگەى دەست بەچالاکیەکە کرا، هاوکات باس لە بنەماکانی دڵنیابوونەوە لە کوالێتی نموونەکە پێش دەستپێکردنی شیکاری کرا، لەگەڵ ناساندنی ئەو پێوەرە ستانداردانەى کە تاقیگەی نەخۆشخانەی شار بۆ مسۆگەرکردنی دروستی و وردیی ئەنجامەکان پەیڕەوی دەکات.
دواتر فێرخوازان سەردانی بەشی “کیمیای کلینیکی – Clinical Chemistry”یان کرد و ئاشنای شێوازی کارکردنی ئامێرە شیکارییە ئۆتۆماتیکییەکان و چۆنیەتی پێوانی گرنگترین نیشاندەرە زیندووەکانی وەک ئەنزیمەکانی جگەر، فەرمانەکانی گورچیلە و ئاستی گلوکۆز بوون. هەروەها لە سیستمەکانی کۆنترۆڵی جۆریی (Quality Control) ناوخۆیی و دەرەکیی تاقیگەکە کۆڵییەوە، کە بۆ دڵنیابوون لە متمانەپێکراویی ئەنجامی پشکنینەکان بەکاردێن.
پاشان فێرخوازان سەردانی بەشی “نەخۆشییەکانی خوێن – Hematology”یان کرد، لەوێ هەنگاوەکانی پشکنینی ڕێژەی خوێن (CBC)، شیکاریی پێکهاتەکانی خوێن و دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی کەمخوێنی، سەرباری میکانیزمی خوێندنەوەی سلاێدی خوێن لە ژێر مایکرۆسکۆبدا بۆ فێرخوازان خرایە ڕوو. سەردانەکە هەروەها بەشی “زیندەزانی ورد – Microbiology”ی گرتەوە، کە بە یەکێک لە بەشە گرنگەکان دادەنرێت بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردنە بەکتریاییەکان؛ تێیدا ڕێگاکانی چاندنی نموونەکان (Culture)، جیاکردنەوەی میکرۆبەکان و ئەنجامدانی پشکنینی هەستیاری بۆ دژەزیندەکان (Antibiotics) ڕوونکرایەوە. هەروەها بەرنامەکە سەردانی بەشی “بەرگری و هۆرمۆنەکان”ی لەخۆگرت، کە تێیدا فێرخوازان ئاشنای میکانیزمەکانی پشکنینە بەرگرییەکان و هۆرمۆنەکانی ڕژێنی دەرەقی و ڕژێنی سەرگورچیلە بوون بە بەکارهێنانی تەکنیکە نوێیەکانی وەک (ELISA/Fluorescence).







