فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ سەردانى کۆمپانیای (بیپسی) لە هەولێر دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (٢٠/١١/٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی (دکتۆر فیراس ئیسماعیل مستەفا)، سەردانێکی زانستی و مەیدانییان بۆ کۆمپانیای (بیپسی) لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
سەردانەکە بە پێشوازییەکی گەرم لەلایەن (عەلی عەبدوڵڵا)، بەرپرسی پەیوەندییەکان دەستی پێ کرد، لە وتەیەکى کورتدا ڕوونکردنەوەی دەربارەی بەشە سەرەکییەکانی کۆمپانیا و ڕێکارەکانی سەلامەتی لەناو دامەزراوەکەدا بۆ فێرخوازان خستە ڕوو. هەروەها فێرخوازانى ئاشنا کرد بە شێوازی کارکردن لە کارگەکە و ئەو میکانیزمانەی، کە بۆ پاراستنی ژینگەیەکی کارکردنی سەلامەت بۆ کرێکاران پەیڕەو دەکرێن.
دواتر، فێرخوازان گەشتێکی مەیدانییان لەناو بەشەکانی بەرهەمهێنان ئەنجام دا و، لە نزیکەوە قۆناغە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان بوون، لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ کارمەندان تیشک خرایە سەر ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی مەترسی (Risk Assessment)، بەکارهێنانی کەلوپەلی خۆپارێزیی کەسی (PPE)، بەکارخستنی ئامێرەکان بە شێوەیەکی سەلامەت و سیستمەکانی سەلامەتیی ژینگەیی. هەروەها ئاگاداری ئەو هەوڵانە بوون کە کۆمپانیاکە بۆ ڕێگریکردن لە پێکانە پیشەییەکان و پاراستنی ستانداردە بەرزەکانی سەلامەتی لە هەموو بەشەکاندا دەیانگرێتە بەر.
ئەم سەردانە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ فێرخوازان تا ئەزموونی کردەیی بەدەست بهێنن، کە ئەمەش تێگەیشتنیان بۆ بنەماکانی تەندروستیی پیشەیی قووڵتر دەکاتەوە و ئامادەییان بۆ هەڵسەنگاندنی ژینگەکانی کار لە بوارە جیاوازەکاندا بەرز دەکاتەوە.






