فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ سەردانێکی مەیدانییان بۆ قوتابخانەی جیهانی بنەڕەتی ئەنجامدا
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ، بە سەرپەرشتی دکتۆر “فیراس ئیسماعیل مستەفا”، سەردانێکی مەیدانییان بۆ قوتابخانەی جیهانی بنەڕەتی لە هەولێر ئەنجامدا.
ئەم سەردانە کە بۆ ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، لە ڕۆژى چوارشەممە و پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩-٢٨/١/٢٠٢٦) بەڕێوەچوو، لە ماوەى ئەو دوو ڕۆژەدا فێرخوازان بەدواداچوونیان بۆ ڕەوشی ژینگەیی و تەندروستیی ناوەندەکانی خوێندن لە ڕوانگەی پەرستارییەوە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مەحموود عیماد، بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێشوازییان لێکرا، پاشان بەشێوەیەکى مەیدانى بەشە جیاوازەکانى قوتابخانەکەیان بەسەرکردەوە و، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئاستی پاکوخاوێنی و گونجاوە تەندروستییەکان ئەنجامدا، بە تایبەت فرۆشگەی قوتابخانە و ئاودەستەکان. بۆ ئەم مەبەستە، فۆرمی تایبەتی بەدواداچوونیان بەکارهێنا بۆ تۆمارکردنی سەرنج و ئەنجامەکان، تا بتوانن ڕاپۆرتێکی زانستی ورد دەربارەی ژینگەی فێربوونی قوتابیان ئامادە بکەن و پێشنیازی پێویست بۆ باشترکردنی ڕەوشەکە پێشکەش بکەن.
لە میانەى ڕۆژانى بەڕێوەچوونى چالاکیەکەدا پەرستاری بەرپرسی قوتابخانەکە کورتەیەکی دەربارەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هاوکات باسی لەو ڕێکارانە کرد کە پەیڕەو دەکرێن بۆ پاراستنی تەندروستیی منداڵان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت. لە کۆتایی سەردانەکەدا، بەڕێوەبەری قوتابخانە دەستخۆشی لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم جۆرە هەماهەنگییانە لە نێوان دامەزراوەکانی خوێندن و لایەنى تەندروستی خزمەتێکی گەورە بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت.







