فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بەشێوەیەكی مەیدانیی ئاشنای شێوازی كاركردنی تەلەڤزیۆنی دهۆك دەبن
بەمەبەستی ئاشنابوون بە شێوازی كاركردنی تەلەڤزیۆنیە ناوخۆییەكان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتى 8-11-2025 بەشێك لە فێرخوازانی قۆناغى دووەم و سێیەمى بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) سەردانێكیان بۆ تەلەڤزیۆنی ناوخۆیی دهۆك ڕێكخست.
مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان، لەلایەن (بێوار سەلمان) بەڕێوەبەری ستۆدیۆكانی تەلەڤزیۆنی دهۆك پێشوازییان لێكرا و خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیكردنی فێرخوازان بۆ كەناڵەكەیان دەربڕی. لە میانەی سەردانەكە، بەڕێوەبەری ستۆدیۆكانی تەلەڤزیۆنی دهۆك باسی لە گرنگی مانەوەی تەلەڤزیۆنە ناوخۆییەكان كرد بۆ خزمەتكردن و پەروەردەكردنی كۆمەڵگە، پاشان تیشكی خستە سەر ئەو كارە گەورە و داهێنەرانەی كە تەلەڤزیۆنەكەیان توانیویەتی لەڕێگەی درووستكردن و دیزاینكردنی چەند ستۆدیۆیەكی جیاواز لە ڕووبەرێكی كەمدا ئەنجامیان بدات.
لە بەشێكی دیكەی سەردانەكەدا، فێرخوازان ژووری كۆنترۆڵی كەناڵەكەیان بەسەركردەوە و ئاشنابوون بە شێوازی پەخشكردنی ڕاستەوخۆ و تۆماركراو لە دەزگای میدیاییدا، پاشان ئیبراهیم ڕەجەب كارمەندی بەشی سۆشیال میدیای تەلەڤزیۆنی دهۆك، جەختی لە سوودوەرگرتن لە پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا كردەوە وەك هاوكارێك بۆ گەیاندنی پەیام و بەرهەمەكانی كەناڵەكە بە جەماوەرێكی فراوانتر، كە توانیویانە لەو ڕێگەیەشەوە خزمەتی زیاتر كۆمەڵگە بكەن.
لەكۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار بەناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە سوپاسی بەرپرسانی تەلەڤزیۆنی دهۆكی كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەت بۆ فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی كاری میدیایی كەناڵەكە.







