فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بە چالاكییەكی ڕۆشنبیریی كتێبخانەی تەفسیر بەسەردەكەنەوە
فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 19-11-2025 بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر )ئەحمەد جەمال حەمەكەریم(، گەشتێكی زانستیی بۆ كتێبخانەی تەفسیر لە شاری هەولێر ڕێكخست.
بەشداربووانی گەشتەكە پێكهاتبوون لە فێرخوازانی هەرسێ قۆناغی دووەم، سێیەم و چوارەم، لەلایەن بەڕێز (موخلیس یونس) بەڕێوەبەری كتێبخانەی تەفسیر پێشوازییان لێكرا و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو سەردانەی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر و بە هەوڵێكی ڕۆشنبیری و زانستیی لە قەڵەمی دا. لە وتەیەكدا بۆ فێرخوازان، بەڕێوەبەری كتێبخانەی تەفسیر تیشكی خستە سەر سەرەتای دامەزراندنی كتێبخانەكە و ئەو ڕۆڵەی لەماوەی سی ساڵی رابردوودا هەیبووە لە كایەی ڕۆشنبیری و زانستییدا، هەروەها باسی گرنگیی خوێندن و خوێندنەوەی كرد وەك یە كێك لە هۆكارەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگە و بوون بە خاوەنی شارستنییەت.
پاشان فێرخوازان بە گەڕان بەنێو كتێبخانەكەدا، ئاشنابوون بە سەرچاوە جۆراوجۆرەكان لە بوارە جیاوازەكاندا، بەتایبەتی بواری ڕاگەیاندن، هاوكات ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر چاپی كتێب و كوالێتییەكەیدا هاتووە وەك یەكێك لە هۆیەكانی ڕاگەیاندن.
لە كۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار دەستخۆشیی ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و ستافی كتێبخانەی تەفسیر كرد لە بەرامبەر پێشوازیلێكردنیان و بەخشینی چەند دیارییەك بە فێرخوازانی بەشداربوو، وە هیوای خواست كتێبخانەكە بەردەوام بێت لە هاوكارییكردنی فێرخوازانی زانكۆ بە دابینكردنی سەرچاوەی نوێ لە سەرجەم بوارەكاندا.





