فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن دوو هەڵمەتى هۆشیارییان بەڕێوەبرد
بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەرامبەر پرسە جیاوازەکان، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەکەریم)، دوو هەڵمەتی هۆشیاریی مەیدانییان لە نێو بازاڕی میللیی گەڕەکی نەورۆز ئەنجام دا.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٧/١/٢٠٢٦)، هەرسێ فێرخوازی قۆناغی چوارەم (ڕێبوار محەمەد، دالیا وەسفی، هیبە هشام)، هەڵمەتێکی هۆشیارییان بە ناونیشانی “خواردنێکی دروست، ژیانێکی تەندروست” ئەنجام دا. ناوەڕۆکی ئەو بڵاوکراوەیەی دابەشیان کرد، تیشکی خستبووە سەر تایبەتمەندییەکانی خواردنی تەندروست و ڕۆڵی لە پاراستنی هاوسەنگیی جەستەیی و دەروونیدا. هەروەها هۆشیارییان دایە هاووڵاتیان و کاسبکاران سەبارەت بە زیانە مەترسیدارەکانی خواردنە ناتەندروستەکان و ئەو نەخۆشییە درێژخایەنانەی بەهۆی پابەندنەبوون بە سیستمی خۆراکییەوە دروست دەبن.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٨/١/٢٠٢٦)، فێرخوازان (ئەڤین بەهجەت، ئارەزوو عەلی، زوهەیلا یوسف) هەڵمەتێکی هۆشیارییان بە ناونیشانی “بە ژیریی دەستکرد کار بکە، بە ژیریی مرۆیی بژی” بەڕێوە برد. بڵاوکراوەکەی ئەم گرووپە تەرخان کرابوو بۆ ناساندنی سوودەکانی ژیریی دەستکرد لە کارئاسانیی ژیانی ڕۆژانەدا. هاوکات، هۆشداریی درایە هاووڵاتیان کە نابێت ئامڕازەکانی ژیریی دەستکرد وەک جێگرەوەی تەواوەتی بۆ مێشک و ئەرکەکانی مرۆڤ سەیر بکرێن، بەڵکو پێویستە تەنها وەک “یارمەتیدەرێکی زیرەک” بەکار بهێنرێن.
ئەنجامدانی ئەم هەڵمەتە مەیدانییانە یەکێکە لە چالاکییە سەرەکییەکانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، کە مەبەست لێی هۆشیارکردنەوەی تاکەکانە و لە هەمان کاتدا بەشێکە لە بەکرداریی کردنی ئەو وانانەی فێرخوازان بە شێوەیەکی تیۆری دەیخوێنن.







