فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سیمینارێک دەربارەی مەترسییەكانی خراپبەكارهێنانی میدیای ئەلیكترۆنی ئەنجام دەدەن
لە چوارچێوەی هەوڵە زانستییەكانییدا، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (١٩/١٠/٢٠٢٥)، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود، سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی (فێنک)ـی ناحکومی لە شاری هەولێر ڕێکخست.
لە دەستپێکی سەردانەکەدا، فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار لەلایەن مامۆستا دالیا جاسم محەمەد ئەلحەمدانی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی فێنک، پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا. بەرێوەبەری قوتابخانەكە جەختی لەسەر پێویستیی ئەم جۆرە چالاكییانە كردەوە و ستایشی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد بۆ هەنگاوەکانیان لە پاراستنی قوتابیان لەم سەردەمی پەیوەندییە زۆرەی دیجیتاڵییەدا.
چالاکییەکە بە شێوەی سیمینار بەڕێوەچوو و لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن مصطفی تغلب احمد، یوسف احمد خضیر و تەمار عامر یەحیا بە زمانی عەرەبی پێشکەش کرا.
قوتابی یوسف ئەحمەد لە بەشی یەکەمدا، تیشکی خستە سەر پێناسە و فۆرمە جیاوازەکانی توندوتیژیی میدیایی و بە وردی شیی کردەوە کە چۆن ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی نائارامیی دەروونی و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی لەسەر گەنجان. پاشان، مصطفی تغلب ، لە بەشی دووەمدا، گرنگیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی خستە ڕوو و ڕوونی کردەوە کە چۆن دەتوانرێت بە بەکارهێنانی میکانیزمە ئاسان و سادەکان، فێرخوازان خۆیان لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بپارێزن و ژینگەیەكی پارێزراوتر بۆ خۆیان دروست بکەن، لە كۆتایی سیمینارەكەدا، قوتابی تەمار عامر باسی لە هێڵەگەرمەكانی پەیوەندی كرد بەمەبەستی خۆپاراستن و پەنابردنە بەر لایەنی پەیوەندیدار لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئەلیكترۆنیی.
لەکۆتاییدا، بەڕێوەبەری قوتابخانە، مامۆستا دالیا جاسم، دەستخۆشی لە هەوڵ و کۆششی فێرخوازان کرد و داوای بەردەوامی چالاکییەکانی کرد، بەو هیوایەی کە ئەم چالاكییانە ببنە هۆی درووستکردن و ئامادەكردنی نەوەیەکی تەندرووست کە بتوانن بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیادا بکەن.






