فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە قوتابخانەى شارستانیی كچان داهاتووی ژیریی دەستکرد بۆ قوتابیان ڕوون دەکەنەوە
لە بەردەوامیی چالاكییە زانستییەكانیاندا، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 2-2-2026، بەشێك لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، سیمینارێكیان بەناونیشانی (داهاتووی ژیریی دەستكرد)، لە قوتابخانەی ( شارستانیی كچان) ئەنجام دا.
فێرخوازان كە پێكهاتبوون لە هەریەكە لە (سۆلین تەیب، میدیا شاكر، ضحی ئەرجومەنت)، لەلایەن مامۆستا ڕووناک یەعقووب حسێن، بەڕێوەبەری قوتابخانە پێشوازییان لێکرا و، دەستخۆشیی ئەم دەسپێشخەرییەی لە فێرخوازان و بەشی ڕاگەیاندن كرد.
بەشی یەكەمی سیمینارەكە لەلایەن فێرخواز (سۆلین تەیب) پێشكەش كرا و، بە وردی تیشکی خستە سەر چەمکی ژیریی دەستکرد و وەک شۆڕشێکی نوێی تەکنەلۆژیا ناساندی کە لاسایی ژیریی مرۆڤ دەکاتەوە لە چارەسەرکردنی گرفتەکاندا. ئاماژەی بەوە کرد کە ژیریی دەستکرد تەنها ئامێر نییە، بەڵکو سیستەمێکی زیرەکە کە توانای فێربوون و گەشەکردنی بەردەوامی هەیە.
پاشان فێرخواز میدیا شاكر، باسی لە مەترسییەکانی ژیریی دەستكرد کرد و، تیشكی خستە سەر مەترسییەکانی وەک “دیپ فەیک” (Deepfake) و تێکچوونی سنووری ڕاستی و خەیاڵ. فێرخواز ڕێنمایی گرنگی پێشکەش بە قوتابیان کرد دەربارەی پاراستنی زانیارییە کەسییەکان و نەکەوتنە داوی هەواڵی چەواشەکار کە بەم تەکنەلۆژیایە درووست دەکرێن. جەختی کردەوە کە پێویستە قوتابیان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەپڵیکەیشنەکان بکەن و هۆشیار بن لەوەی ژیریی دەستکرد وەک ئامڕازێک بەکاربهێنن نەک ببێتە جێگرەوەی بیرکردنەوەی سەربەخۆی خۆیان.
لە بەشی سێیەم و كۆتایی سیمینارەكەدا، فێرخواز ضحی ئەرجومەنت، تیشکی خستە سەر لایەنە گەش و سوودبەخشەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە وەک هاوکارێکی زیرەک بۆ فێربوونی زمانە بیانییەکان. چەندین نموونەی زیندووی پێشان دا، وەک بەکارهێنانی پلاتفۆرمە زیرەکەکان بۆ کورتکردنەوەی کتێبەکان، ڕێکخستنی خشتەی خوێندن و، یارمەتیدانی قوتابیان لە تێگەیشتنی بابەتە ئاڵۆزەکانی وەک بیرکاری و زانستەکان لەناو پۆلدا، کە وادەکات پرۆسەی فێربوون چێژبەخشتر و خێراتر بێت.
لە كۆتاییدا، مامۆستا ڕووناك یەعقووب، بەرێوەبەری قوتابخانەی شارستانیی كچان، سوپاسی ئاڕاستەی فێرخوازان كرد بۆ پێشكەشكردنی ناوەڕۆكی سیمینارەكە و، هۆشیاركردنەوەی قوتابیانی قوتابخانەكە سەبارەت بە تەكنەلۆژیای ژیریی دەستكرد.







