فێرخوازانی بەشی ژمێریاری ئاشنای پڕۆسە داراییەکانی سندوقی پشتگیری پڕۆژە بچووکەکان دەبن
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بەهێزکردنی لایەنی پراکتیکی فێرخوازان، بەشی ژمێریاری ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢/٢/٢٠٢٦، گەشتێکی زانستیی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بۆ بەڕێوەبەرایەتی سندوقی پشتگیریی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان لە هەولێر ڕێکخست.
ئەم گەشتە بە سەرپەرشتی (د. ئیبراهیم حوسێن) بەڕێوەچوو. شاندی فێرخوازان لە لایەن (ئارام ئەنوەر) بەڕێوەبەری سندوق و (نەهرۆ جەوهەر) بەڕێوەبەری کارگێڕی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە سەرەتای دیدارەکەدا، بەڕێوەبەری سندوق کورتەیەکی وردی دەربارەی پێکهاتە، بەشەکان، ئامانجەکان و ئەرکەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد. پاشان دەرفەت بە فێرخوازان درا بۆ ئەوەى بەشە جیاوازەکان بەسەر بکەنەوە، لەو وچارچێوەیەشدا فێرخوازان بەشە جیاوازەکانی وەک (پشتگیریی تەکنیکی، ژمێریاری، وردبینی و ئەرشیف)یان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاشنای شێوازی کارکردنیان بوون.
لە درێژەی سەردانەکەدا، خاتوو (چاوان محەممەد یاسین) لە ڕێگەی پریزێنتەیشنێکی وردەوە، قۆناغەکانی پێدانی قەرز و مەرجە پێویستەکانی بۆ پشتگیریی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان ڕوون کردەوە، وتیشى ئامانج لە پێدانى ئەو قەرزە دابینکردنی سەرمایەیە بۆ پڕۆژە نوێیەکان یان پەرەپێدانی پڕۆژە ئەنجامدراوەکان. هاوکات تیشکى خستە سەر گرنگیی “ژمێریاری و وردبینی” لە هەموو قۆناغەکاندا، لە لێکۆڵینەوەی سوودبەخشی پڕۆژەکە (Feasibility Study) و هەژمارکردنی بڕی بودجەی پێویست تاوەکو قۆناغی چاودێریکردن و وەرگرتنەوەی قیستەکان. ئەوەشى ڕونکردەوە ئەم قەرزانە وەک هاوکارییەک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی بێکاری و بەدیهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام (Sustainable Development).
لە کۆتایی سەردانەکەدا، (دکتۆر ئیبراهیم حوسێن) سوپاس و پێزانینی زانکۆی ئاراستەی کارگێڕی و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد.







